Accessibility links

سەرۆکی ناتۆ وادەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ڕوسیا دیاریدەکات لە بارەی قەیرانەکانی ئۆکرانیا


بەرپرسێکی هاوپەیمانی ناتۆ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند 'یەن ستۆلتنبێرگ' سکرتێری گشتی ناتۆ بڕیاریداوە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ باڵیۆزەکانی هاوپەیمانان و گەورەبەرپرسانی ڕوسیا ئەنجام بدات لە کاتێکدا هەردوولا لە هەوڵی دروستکردنی دیالۆگدان بۆ ڕێگەگرتن لە ئەگەری ڕوودانی هەر شەڕ و ململانێیەک.

لە ترسی بڵاوە پێکردنی لەشکری ڕوسی بە درێژایی سنوورەکانی ئۆکرانیا وا بۆ چەند مانگێک دەچێت هاوپەیمانی سەربازی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەوڵی سازکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناتۆ و ڕوسیادان. بەڵام دوای ئەو ململانێ سیخوڕیەی کە لە مانگی 10 ی ساڵی پاردا ڕوویدا هەوڵەکان شکستیان هێنا.

کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە کە شێوازێکی دیالۆگە هەر لە ساڵی 2002 ەوە کاری پێکراوە، لە 12ی مانگی یەکدا لە برۆکسل بەڕێوەدەچێت دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕوسیا لە 10ی مانگی یەکدا لە ژنێف گفتوگۆی ئاسایشی لەوبارەیەوە سازدەکەن.

گەورە دیبلۆماتکاری باڵای یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆرێل ڕۆژی سێشەممە بۆ گەشتێکی دوو ڕۆژە گەیشتە ئۆکراینا بۆئەوەی پشتیوانی بۆ کێڤ نیشان بدات کە ئۆکرانیا وا بەنیازە بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆوە.

مۆسکۆ داوای دڵنیایی دەکات لەبارەی ئەوەی ناتۆ ئیتر فراوانبوونی بەرەو ڕۆژهەڵات ڕادەگرێت و کۆتایی بە هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا و جۆرجیا دەهێنێت کە ناکۆکییان هەیە لەسەر خاکەکانیان لەگەڵ ڕوسیادا.

مۆسکۆش جەختکردنەوەکانی ئەمەریکا ڕەتدەکاتەوە کە گوایە روسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەیە و کییڤ تۆمەتبار دەکات بە بەهێزکردنی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا.

بەرپرسێکی ناتۆ دەڵێت "سازکردنی هەر دیالۆگێک پێویستە لەگەڵ ڕوسیا بکرێت لەسەر بنەمای جەختکردنەوە و ئاماژەدان بە نیگەرانییەکانی ناتۆ سەبارەت بە کردەوەکانی ڕوسیا پێویستە بە ڕاوێژ لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانی ناتۆ ئەنجام بدرێت."

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی ڕوسیا لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە برۆکسل ئامادە دەبن.

چاوەڕوان دەکرێت جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگی ڕیابکۆڤ و بەرپرسانی دیکەی پلە باڵای ڕوسیا لە دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ وێندی شێرمان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە جنێف بەشداری لە گفتوگۆکانی برۆکسل دا بکەن.

لە 13ی مانگی یەک دا گفتوگۆکان بە شێوەی فراوانتری ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا لە ڤییەنا بەردەوام دەبن کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەی ناتۆ دەگرێتەوە و هەروەها ڕوسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی سۆڤیەتی پێشووش.

بورێل لەو باورەدایە ستراتیژی یەکێتی ئەروپا بریتیبوو لە زیادکردنی سزاکان لەسەر گەورەبەرپرسانی ڕوسیا لە ساڵی 2021دا. ئەو پێیوایە کە "یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت بینەرێکی بێلایەن بێت لە دانوستانەکاندا ئەگەر ڕوسیا بە ڕاستی بیەوێت باسی پێکهاتەی ئەمنی ئەوروپا بکات."

وتەبێژەکە گوتیشی کە یەکێتی ئەوروپا ئۆکرانیای بە "هاوبەشێکی ستراتیژی" داناوە.

بورێل بە یاوەری دیمیترۆ کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە سەردانەکەیدا بۆ ئۆکرانیا سەردانی بەرەکانی پێشەوەی سنوری ئۆکرانیا لەگەڵ یاخیبوانی جودایخوازی لایەنگری ڕوسیا دەکات و چاوەڕوان دەکرێت وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە مانگی یەکی ئەمساڵ دا هەنگاوەکانی داهاتووی خۆیان تاوتوێ بکەن.

سەرچاوە: رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG