ئاژانسی نەتەوەیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە مالیزیا ڕایگەیاند، حەوت ویلایەت لە مالیزیا لە ڕۆژی یەکشەممەدا بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتووە، و هەزاران کەس ماڵەکانیان چۆڵکردووە، و لە دەرئەنجامدا سەرجەمی زیانلێکەوتووان بەهۆی بارانی زۆر لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بۆ زیاتر لە 125 هەزار کەس بەرزبۆتەوە.
ئاژانسەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی، هێشتا لافاو لە ولایەتەکانی کێلانتان، تێرنگگانو، پاهانگ، جۆهۆر، مالاکا، نێجیری سمبیلان و سەباح بەردەوامە، و 8 هەزار و 727 کەس پەنایان بۆ 128 ناوەندەکانی فریاگوزاری بردووە.
لە کۆی گشتی 125 هەزار و 490 کەس کە بەهۆی لافاوەکانی سەرانسەری وڵات زیانیان پێگەیشتووە، تەنها 117 هەزار و 700 گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان.
شایانی باسە لەگەڵ ئەوەی لافاو لە کەناری ڕۆژهەڵاتی مالیزیا باوە لە وەرزی ساڵانەی نێوان مانگی دە و سێدا، بەڵام باران بارینی زۆر کە بە شێوەیەکی نائاسایی لە 17ی مانگی دوانزەوە دەستی پێکردووە، زیانێکی زۆری گەیاندووە، وبەهەزاران کەسی ئاوارە کردووە.