ئیسرائیل لە ڕۆژی هەینی دەستیکرد بە پێدانی دەرزی چوارهەمی دژ بە کۆرۆنا بەو کەسانەی کە سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە. بەم هەنگاوە ئیسرائیل بوو بە یەکەم وڵاتی جیهان بۆ دەسپێکردنی دەرزی چوارهەم بەو هیوایەی ڕووبەڕووی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسەکە ببێتەوە کە بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
ئەم هەوڵە ڕێک نزیکەی ساڵێک پاش ئەوەیە کە ئیسرائیل دەستیکرد بە هەڵمەتێکی گەورەی کوتان بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی لەلایەن کۆمپانیای دەرمانسازی فایزەرەوە بڵاو کرایەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل پێدانی چوارهەمین دەرزی بۆ ئەو کەسانەی کە لە مترسیدان پەسەندکرد، هەر لەو ڕۆژەدا کاربەدەستان زیاتر لە 4 هەزار حاڵەتی نوێی ڤایرۆسەکەیان ڕاگەیاند و ئەم ئاستەش لەوەتای مانگی 9 وە لە ئیسرائیل بەدەی نەکرابوو.
نەخۆشەکانی چاندنی دڵ لە نەخۆشخانەی شیبا لە نزیک تەل ئەڤیڤ بەشی یەکم بوون لەو کەسانەی کە لەم هەفتەیە لە تاقیکردنەوەکاندا بەشی چوارهەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرت.
ڕینات ئۆرین ژنێکی تەمەن 50 ساڵە یەكێکە لەو کەسانەی کە دەرزی چوارەمی وەرگرتووە دەڵێت " سەرەتا نیگەرانیم هەبوو بەڵام پاش ئەوەی لەگەڵ پزیشکەکەم قسەم کرد هەستم بە متمانە کرد و گوتم کارێکی باش دەکەم ئەمە یارمەتیم دەدات."
گالیا ڕەهاڤی پزیشک دەڵێت " ئێمە ئەنجامێکی باشمان لە بەشی سێهەمی ڤاکسینەکان بینی زیانی لاوەکی زۆر کەمی هەبوو بۆ نمونە ئازارێکی سوکی شوێنی دەرزییەکە بۆ ماوەیەک، بۆیە بە پەرۆشەوەین بۆ دەرەنجامە باشەکانی دەرزی چوارەمیش."
پزشیکی نەخۆشییەکانی دڵ یەڵ پێلێد دەڵێت " پاراستنی خەڵکی لە دژی کۆرۆنا زیاتر دەکات."