Accessibility links

بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو سەرۆکی ئێران سەردانی ڕووسیا بکات


گوتەبێژێکی حکومەتی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند سەرۆکی ئێڕان ئیبراهیمی ڕەئیسی خۆی ئامادە دەکات گەشتێک بۆ ڕووسیا بکات پاش ئەوەی لەلایەن هاوشانە ڕووسیاییەکەی، ڤلادمێر پوتنەوە بە فەرمی بانگهێشت کراوە. ئەمەش یەکەم گەشتی سەرۆکی ئێران دەبێت بۆ ئەو وڵاتە لەوەتای ساڵی 2017 وە.

گوتەبێژی حکومەتی ئێران عەلی بەهادوری جەهرۆمی وتی، پوتین لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ڕەئیسی بانگهێشت کردووە بۆ مۆسکۆ" لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی ستراتیژی نێوان ئێران و ڕووسیادا."

ئەمە دەبێتە گرنگترین سەردانی فەرمی ڕەئیسی بۆ دەرەوەی وڵات لەو کاتەوەی لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەی گرتە دەست. سەرۆکی پێشوو حەسەن ڕۆحانی لە مانگی سێی ساڵی 2017 سەردانی ڕووسیای کردبوو.

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی کرملن، پوتین لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی یۆناندا گوتبووی "هیوادارم سەرۆک کۆماری ئێران بانگهێشتەکەی من قبوڵ بکات و لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا سەردانی ڕووسیا بکات."

مۆسکۆ و تاران پەیوەندییەکی بەهێزی سیاسی، ئابووری وسەربازیان هەیە هەروەها بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەئەفغانستان هەیە و هاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریان لەشەڕی ناوخۆی دە ساڵەی ئەو وڵاتەدا. ڕوسیاش یەکێکە لە لایەنەکانی ڕێکەوتنی ناوکی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کە بووە هۆی سوککردنی سزاکان بۆ سەر ئێران لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی.

بەهادوری جاهرۆمی گوتیشی لەم سەردانەدا تیشک دەخرێتە سەر بەرژەوەندییە " دوولایەنەکان، هەرێمی و نیشتمانی" بەتایبەتی هاوکاری " ئابوری و بازرگانی."

مۆسکۆ بەشداریشە لە دانوستانەکان بۆ زیندوکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی کە لە ساڵی 2018دا ئەمەریکا تاکلایەنە لێی کشایەوە و دەستی کردەوە بە سەپاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران و پاشانیش ئێران دەستیکرد بە سەرپێچیکردن لە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە.

لە مانگی 9 وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەرگێ لاڤرۆڤ گوتی پێویستە ئەو سزایانەی کە خراونەتەوە سەر ئێران هەڵبگیرێن وەکو بەشێک لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە.

سەرچاوە:AFP

XS
SM
MD
LG