Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییەی لە تورکیا دەستگیرکراوە دیپلۆماتی ئەمەریکا نییە


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ئەو کەسەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە دیپلۆماتێکی ئەمەریکایی ناودێرکراوە و بە تۆمەتی فرۆشتنی پاسپۆرتی ساختە دەستگیر کراوە، دیپلۆمات نییە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە گوتی " ئێمە ئاگاداری دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی ئەمەریکاین لە تورکیا. ئەو کەسە دیپلۆماتی ئەمەریکا نییە. ئێمە خزمەتگوزاری گونجاو پێشکەش دەکەین."

پۆلیسی ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند کەسەکە لە 11ی مانگی 11 بە گومانی فرۆشتنی پاسپۆرت بە هاووڵاتیەکی سوریایی دەستگیرکراوە. پۆلیس دەشڵێت ئەو کەسە بڕی 10 هەزار دۆلاری لە نێو زەرفێکی نامەدا پێگیراوە و کامێرەکانی چاودێریش دەریانخستووە کە ئەو دوو کەسە جلەکانیان گۆڕیوەتەوە.

کاربەدەستانی تورکیا کەسە ئەمەریکاییەکەیان بە پیتی D.J.K ناودێرکردووە و دەڵێن لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت کاردەکات.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵۆی فەرمی تورکیا دەڵێت هاووڵاتییە سوریاییەکەش لە کاتێکدا هەوڵیدابوو بە پاسەپۆرتێکی کە بە ناوی D.J.K بوو بڕوات بۆ ئەڵمانیا دەستگیر کراو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا.

پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گرژی و ئاڵۆزی تێدا بووە، بەشێکی بەهۆی دەستگیرکردنی دیپلۆماتانی ئەمەریکا لە ئانکەرەو تۆمەتبارکردنیان بەوەی پەیوەندیان بەو تۆڕەوە هەیە کە تورکیا تۆمەتباری دەکات بە ئەنجامدانی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسەکانی ئەسۆشیەیتد پرێس، فرانس پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG