Accessibility links

ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن بە خێرایی لە ئەوروپا و جیهان بڵاودەبێتەوە و کاری کردووەتە سەر بازاڕە داراییەکانی جیهان


ڕۆژی سێشەممە وڵاتانی سەرانسەری ئەوروپا گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتریان ڕاگەیاند بۆ ڕووبەڕووبونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن کە بە خێرای بە جیهان دا بڵاوبۆتەوە بەر لە ئاهەنگی کریسمەس و ساڵی نوێ. ئەمەش دەبێتە دروستبوونی دۆخێکی دژوار بۆ پلانەکانی گەشتکردن و دڵەڕاوکێ بۆ بازاڕەکانی دراو.

ژمارەی حاڵەتەکانی ئۆمیکرۆن بە خێرایی لە سەرانسەری ئەوروپا و ئەمەریکا و ئاسیا بڵاودەبێتەوە لە ژاپۆن تەنها لە یەک بنکەی سەربازیدا بەلایکەمەوە 180 حاڵەتی پەتاکە تۆمارکراوە.

سەرۆک بایدن هۆشداریدا لەمەڕ مەترسییەکان بۆ سەر یەک لەسەر چواری ئەو ئەمەریکاییانەی کە ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرنەگرتووە. کاربەدەستێکی بەرێوبەڕەیەتییەکە ڕایگەیاند رۆژی سێشەممە بایدن ڕێوشوێنی نوێ بۆ تاقیکردنەوە ڕادەگەیەنێت. ئەو ڕێوشوێنانەش بریتی دەبن لە کاراکردنی 1000 کارمەندی تەندروستی لەشکری بۆ پشتیوانیکردن لەو نەخۆشخانانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە فشارێکی زۆریان لەسەرە.

لە ئێستادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسەکە لە سەدا 73 ی حاڵەتەکان پێکدەهێنێت، کە لەسەرەتای ئەم مانگەدا لە ٪1 کەمتر بووە.

وەزیری بەڕەنگاربوونەوەی کۆڤید-19 لە نیوزلەندا کریس هیپکینس گوتی وڵاتەکەی هەندێک لە قورسترین ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید-19ی لە جیهاندا سەپاندووە. دووبارە کردنەوەی سنووری وڵاتەکەی بۆ کۆتایی مانگی دووی ساڵی داهاتوو دواخست.

ئەو گوتیشی هەموو بەڵگەکان تا ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆمیکرۆن یەکێکە لەو جۆرانەی کۆڤید 19 کە بە خێراترین شێوە دەگوازرێتەوە.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ئەو هەموو جۆرە ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆئەوەی کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی ئۆمیکورن بکەن.

ستیڤ بارکلی وەزیری ئۆفیسی ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە لە ڕادیۆی بی بی سی لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایادەکرێت پێش کریسمەس ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر یان نا؛ دەڵێت "ئێمە ئەگەری گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر دەهێڵینەوە، بەڵام پرسەکە پەیوەندی بە دووبارە چاوخشاندنەوە هەیە بەسەر زانیاری و هاوسەنگی دارایی و لەگەڵ ئاکامەکانی دیکەی سنووردارکردنی زیاتر".

بەریتانیا و ئەڵمانیا و پورتوگال بیر لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر دەکەنەوە. بەمزوانە وەزیری دارایی بەریتانیا ڕیشی سۆناک میوانداری نوێنەرانی پیشەسازی دەکات کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکەوە زیانی قورسیان بەرکەوتووە، هاوکات داوای پشتگیری زیاتری حکومەت دەکات.

کۆریای باشور، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و ئایرلەند و سکۆتلەند لە نێوان ئەو وڵاتانەن کە لە کۆتا ڕۆژەکانی ئەمساڵدا کۆمەڵێک ڕێوشوێنی زیاتریان گرتۆتە بەر بۆ داخستنی نیمچەیی یان تەواوەتی، یان گرتنەبەری سنوردارکردن و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی. وڵاتی تایلەند هەر لە ڕۆژی سێشەممەوە کوارانتینی زۆرەملێ بۆ میوانە بیانیەکان دەگەڕێنێتەوە.

لە ئوسترالیاش حاڵەتەکانی ئۆمیکرۆن بەرزبووەتەوە، بەڵام کەیسەکانی چارەسەری نەخۆشخانەکە تا ڕادەیەک نزم بۆتەوە. سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە سکات مۆریسۆن داوای لە ڕێبەرانی ویلایەتەکان و هەرێمەکان کرد کە خۆیان بە دووربگرن لە داخستنی زیاتر.

ئەو وتیشی "ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ داخستنی یەکجارەکی ئێمە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێین بۆ ئەوەی بە سروشتی و بەرپرسیارێتی و سەلامەتییەوە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا ژیان بگوزەرێنین."

ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن زیانێکی گەورەی گەیاند بە بازاڕی پشکەکانی جیهان لە ڕۆژی سێشەممەدا، ئەمەش بووەهۆی نیگەرانی وەبەرهەمهێنەرەکان سەبارەت بە بوژاندنەوەی ئابوری جیهان کە بەهۆی پەتاکەوە دابەزینی ڕێژەی گەشتکردن و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و لاوازبوونی تۆڕی بەرهەمهێنان لە نێوان کۆمپانیاکان و بەرهەمهێنەران و بازاڕدا دروستکرد بوو.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن ڕایگەیاند کە ئەم هەفتەیە بنکە فیدڕاڵیەکان بۆ تاقیکردنەوەی COVID-19 لە نیویۆرک دەکانەوە و 500 ملیۆن تاقیکردنەوەی خێرا بۆ خانەوادەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا دابین دەکرێت تا ئەمەریکییەکان بتوانن بە خۆڕایی لەڕێی ئۆنلاینەوە داوای بکەن.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەش گوتی: "هەروەها تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەگەر ڤاکسینت وەرنەگرتبێت، ئەوا زیاتر ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشیەکە هەیە." "ئەم جۆرە زیاتر شیانی گواستنەوەی هەیە و ئەو کەسانەشی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە هەشت ئەوەندەی زیاتر شیانی توشبونیان هەیە و 14 جار زیاتر بەهۆی پەتای کۆڤیدەوە دەمرن."

ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لە مانگی ڕابردوودا بۆ یەکەمجار لە باشوری ئافریکا و هۆنگ کۆنگ دۆزرایەوە و تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە لە 89 وڵاتی جیهاندا بڵاوبۆتەوە.

هەرچەن هێشتا ئاستی دژواری پەتاکە روون نیە، بەڵام رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریداوە کە خێراتر بڵاودەبێتەوە بە بەراورد بە ڤایرۆسی دێلتا و ئەو کەسانەش توش دەبن کە ڤاکسینیشیان وەرگرتووە، ئەو کەسانەشی تووش دەبنەوە کە پێشتر توشی پەتای کۆرۆنا بوون و چاکبوونەتەوە.

هەر لەو کاتەوەی کە پەتاکە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بڵاوبۆوە؛ زیاتر لە 274 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لە جیهاندا. زیاتر لە 5 ملیۆن و 065 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG