Accessibility links

ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی: لەگەڵ ئێران ڕێککەوتووین بۆ دامەزراندنی کامێرای چاودێری لە دامەزراوە ناوەکییەکانی کەرەج


ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ ئێران لەسەر گۆڕینی کامێراکانی چاودێری لە کارگەیەکی دروستکردنی پارچەکانی سەنتریفیوژ کە دوای هێرشێک لەکارکەوتبوون، ڕێککەوتوون. ئەم هەنگاوە دەشێت ببێتە کەمکردنەوەی بەربەستی بەردەم وتووێژە ناوکییەکان.

گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015ی ئێران گەیشتووەتە بنبەست. واشنتن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا گوتبووی ئەگەر ئێران لەم مانگەدا پرسی کەرەج یەکلا نەکاتەوە ئەوا بەرپەرچی دەدرێتەوە.

دیپلۆماتکاران دەڵێن هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەو جۆرە لەوانەیە ببێتە هۆی لەناوچوون و کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان.

ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندوە ئەم هەنگاوە بەپێی ڕێککەوتنێکەڕۆژی چوارشەممە لەنێوان ڕافائێل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسەکە و محەمەد ئێسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران پێکهاتووە.

بەپێی قسەکانی ئەو دەزگایە، ئەو کامێرانەی کە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا دابمەزرێن، جێگای ئەو کامێرانە دەگرنەوە کە لەسەرەتای ئەمساڵدا لە دامەزراوەی کەرەج لابرابوون.

ڕافایل گرۆسی گوتی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران بۆ گۆڕینی کامێراکان لە کارگەکەی کەرەج، پێشکەوتنێکی گرنگە بۆ تاقیکردنەوەی ڕاستی و دروستی چالاکیەکانی ئێران لە لایەن دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتییەوە.

گرۆسی هیوای خواست بتوانێت بەردەوام بێت لە دیالۆگی بنیاتنەرانەدا بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە سەبارەت بە ئێران.

هێنری ڕۆم، شیکەرەوەی گروپی ئۆراسیا لەم بارەیەوە دەڵێت "ئەمە هەنگاوێکی تاکتیکی کورتخایەن بوو بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانی دیپلۆماسیی." و دەشڵێت "بەڵام بنبەستی ڕێککەوتنی ناوەکی وەک خۆی دەمێنێتەوە".

XS
SM
MD
LG