Accessibility links

فەرماندەیەکی سەربازی حکومەتی یەمەن لە شەڕێکی دژ بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەکوژرێت


ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویکردەوە فەرماندەیەکی سەربازی باڵای حکومەتی یەمەن لە ڕووبەرووبوونەوەیەکدا لە شاری مەئرب کوژراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە لە دەستدانی ئەو فەرماندە سەربازییە گورزێکی گەورەیە لە حکومەتی یەمەن کە ڕووبەڕووی شەڕێکی قورس دەبێتەوە لەگەڵ میلیشیا شیعەکانی حوسی کە ئێران پشتیوانیان دەکات.

ڕاپۆرتەکە لە زاری دوو سەرچاوەی فەرمییەوە کە نەیانویستوە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، دەڵێت جەنەراڵ ناسر ئەلزەیبانی کە فەرماندەی هێزەکانی حکومەتی یەمەن بووە، لە باشوری شاری مەئرب کوژراوە.

میلیشیا شیعەکانی حوسی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانیان بۆ شکاندنی هێزی بەرگریحکومەت و گرتنە دەستی مەئرب زیاد کردوە. بەرپرسانی یەمەن دەڵێن لە هێرشەکاندا سەدان کەس کە زۆربەیان حوسییەکان بوون، کوژراون.

هاوپەیمانیەتی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە پشتیوانی هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەکات لە شەڕەکەدا، ڕایگەیاندوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەلایەنی کەم 35 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حوسیەکان لە قەراغی مەئرب ئەنجام دراوە کە تیایدا بەلایەنی کەم 200 چەکداری حوسی کوژراون.

جێی ئاماژەیە سعودیە بەردەوام ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە چەک بە حوسییەکان دەدات، لەکاتێکدا لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن هەندێک لەو چەکانە لە ڕووی تەکنیکیەوە هاوشێوەی ئەو چەکانەن کە لە ئێران دروست دەکرێن، حوسییەکانیش دەڵێن خۆیان چەکی خۆیان دروست دەکەن.

XS
SM
MD
LG