سەرۆک وەزیران بەریتانیا بۆریس جۆنسن ڕۆژی دووشەممە گوتی بەلایەنی کەم کەسێک لە بەریتانیا گیانیلەدەستداوە دوای ئەوەی ئەو کەسە توشی جۆری نوێی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن بووە، ئەمەش یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە لەسەر ئاستی جیهان.
لە وەتای یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ئۆمیکرۆن لە 27ی مانگی 11 لە بەریتانیا دەستنیشان کراوە، جۆنسن کۆت و بەندی توندی سەپاند و لە ڕۆژی یەکشەممەش هۆشداری دا کە ئەو جۆرەی ڤایرۆسەکە دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر بەرگری لەشی ئەو کەسانەی هەردوو ژەمی ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە.
بەریتانیا هیچ وردەکارییەکی لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو کەسە ڕانەگەیاند کەئایا نەخۆشەکە هەردوو ژەمی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای وەرگرتووە یاخود کێشەی تەندروستی هەبووە.
دەشێ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی جۆری ئۆمیکرۆن لە وڵاتانی تر ڕوویدا بێت، بەڵام هێشتا هیچ وڵاتێک بە ئاشکرا جگە لە بەریتانیا پشتڕاستی نەکردۆتەوە.
جۆنسن لە ناوەندی کوتان لەندەن بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "بەداخەوە ئێستا بەلایەنی کەمەوە گیانلەدەستدانی نەخۆشێک بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە پشتڕاست کراوەتەوە".
بەرلەوەی گیانلەدەستدانی ئەو نەخۆشە ڕابگەیەنرێت، بەریتانیا ڕایگەیاند بوو کە 10 کەس لە ناوچە جیاوازەکانی ئینگلتەرا لە نەخۆشخانەکان خەوێنراون و تووشی جۆری ئۆمیکرۆن بوون کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٨٥ ساڵیدایە، زۆربەشیان هەردوو ژەمی ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە.