Accessibility links

حکومەتی ئەمەریکا لە ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا جەخت لەسەر خواستی ئەمەریکا بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە


ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە لێدوانێکیدا لە ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ جەختی لە خواستی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن کردەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ و گوتی هەنگاوەکان لەو پێناوەدا بەشێکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکایە.

10ی مانگی دوانزە، ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤە.73 ساڵ پێش ئیستا لەم ڕۆژەدا جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامانجی چەسپاندنی بەها مرۆییەکان و دەرخستنی نەخشە ڕێگایەکی جیهانی بۆ ڕێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ پەسەند کرا.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەدا، ئاماژە بەوە کراوە بە ناوی ئێلینۆر ڕۆزڤێڵت، خانمی یەکەمی ئەمەریکا کە لەساڵی 1948 دا وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانیدا ڕۆڵی هەبووە . وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جاڕنامەکەی بە بەڵگەیەکی گرنگی سەردەم وەسف کرد کە لەو کاتەوە تاکو ئێستا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموان.

ئانتۆنی بلیکن بە ئاماژەدان بە دونیای ئێستا کە تیایدا مرۆڤەکان ڕووبەڕووی جینۆساید، ڕەگەزپەرستی سیستماتیک، نایەکسانی، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، سەرکوتکردن و پەراوێزخستن دەبنەوە بەهۆی ڕەگەز و ئیتنیک و ئایین و گۆڕینی ڕەگەزیانەوە، گوتی لە ئەمڕۆدا کە تەنانەت دەربڕینی ناڕەزایی دەبێتە هۆی سەرکوتکردن، هەر بۆیە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگی خۆی دەردەخات.

وەزیری دەرەوە ڕاشیگەیاند کە بەڕێوبەرایەتی سەرۆک بایدن بە ئامانجی جەختکردنەوە لەسەر پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی جیهاندا و هەروەهابە مەبەستی پێشخستنی ئازادییە بنەڕەتییەکانی تر بۆ هەمووان و بەرپرسیارکردنی حکومەتەکان لەبەرامبەر پێشێلکارییەکان، بڕیارە لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان.

XS
SM
MD
LG