Accessibility links

عێراق بەشدارە و تورکیا بانگهێشت نەکراوە بۆ لوتکەی دیموکراسی لە ئەمەریکا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە بەشداری سەرکردەکانی زیاتر لە100 وڵات ڕۆژی پێنجشەممە "لوتکەی دیموکراسی" کردەوە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی تاکڕەوی و دیکتاتۆریەت لە جیهاندا.

لە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی کە ئەمەریکا بانگهێشتی کردون بۆ لوتکە کە، تەنها عێراق و ئیسرائیل هەن لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

تورکیا، کە لە دوای قەیرانی سوریا و شەری داعش پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا ئالۆزبووە و دیموکراسیەکەی لەژێر دەستەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تووشی ڕەخنە بووە، بانگهێشت نەکراوە.

لەبارەی چونیەتی هەڵبژاردنی وڵاتان بۆ لوتکەکە، جین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بانگهێشت کردنەکە بەواتای ئەوە نیە کە ئەمەریکا لە دیموکراسی ئەو وڵاتانە ڕازییە.

جێن ساکی ڕایگەیاند، "هەموو دیموکراسیەتێک لە کاری گەشەسەندندایە. ئەمە واتای ئەوە نییە کە ئێمە مۆری شکست دەنێین بەسەر ئەو وڵاتانەی کە بانگهێشت نەکراون. مەبەست لەمە تەنیا ئەوەیە چەند دەنگێکی جیاواز بانگهێشت بکەین لەو وڵاتانەی کە دەتوانن بدوێن لەسەر هەوڵە جیهانیەکانمان بۆ پاراستنی دیموکراسی."

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی خانەی ئازادی (The Freedom House) کە چاودێری وڵاتانی جیهان دەکات بۆ دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ عێڕاقی لە لیستی وڵاتانی "نا ئازاد" داناوە و تەنها نمرەی 29 لە 100ی پێداوە.

ڕێکخراوە سەربەخۆکە ئاماژە دەکات بە سێ بابەتی "مایەی نیگەرانی" لە عێڕاق دا: یەکەم، پڕۆسەی هەڵبژاردن گرفتی هەیە بەهۆی دواکەوتن و کەمی بەشداری هاوڵاتیان و گومانی ساختەکاری. دووەم، گەندەڵی، بە تایبەت لە نێو پارتە سیاسیەکان و دادوەری، کێشەیەکی سەرەکییە. سێیەم، خۆپیشاندەران ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە لە لایەن هیزەکانی ئاسایش، سەرەڕای بەئامانجگرتن و ڕفاندنیان لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

بە گوێرەی بێن فیشمان، چاودێری کاروباری وڵاتانی عەرەب لە ئینستیتوی واشنتن بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک، بانگهێشت نەکردنی وڵاتانی عەرەب بۆ لوتکەکە نیشانەی شکستی بەهاری عەرەبی یە و نیشانەی ئەوەیە کە دیکتاتۆریەت و تاکڕەوی بەردەوامە و لە گەشەکردندایە لە ناوچەکە.

ئەو چاودێرە دەڵێت، "بۆ ئەوەی ئەمەریکا بەرەنگاری بۆشایی دیموکراسی لەو ناوچەیە ببێتەوە، پێویستە بەردەوامبێت لە پەیامی چاکسازی و یارمەتی هاوبەشەکانی بدات لە بەدیهێنانی ئامانجە بەرجەستەکان وەکو پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و جیاخوازەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی."

ئامانجە ستراتیژیەکانی ئەمەریکا

لە وتاری کردنەوەی لوتکەکە کە بەهۆی پەتای کۆڕۆنا بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەچوو و دوو ڕۆژ دەخایەنێت، بایدن لە واشنتۆنەوە بە ئامادەبوانی ڕاگەیاند کە ئازادی و دیموکراسی لە جیهاندا لە ژێر هەڕەشەدان لە لایەن ئەو سەرکردە تاکڕەوانەی کە هەوڵدەدەن دەستەڵاتیان فراوان بکەن و سازش دەهێننەوە بە سەرکوتکاریەکانیان.

بایدن گوتی، "دیموکراسی لە خۆیەوە سەرهەڵنادات و پێویستە لەگەڵ هەر نەوەیەک ئێمەش نوێی بکەینەوە."

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن کە ئەنجامی لوتکە دوو ڕۆژیەکە تەنها گفتوگۆ نابێت بەڵکو کرداری بەدوادا دێت بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی. کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە واشنتۆن زیاتر لە 424 ملیۆن دۆلار تەرخاندەکات بۆ ئەم مەبەستە بەتایبەت بۆ پشتگیریکردنی میدیای ئازاد.

هەندێک لە چاودێران دەڵێن کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمەریکا بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی فراوانخوازیەکانی چین و ڕوسیا.

ستیەیسی گۆدارد، مامۆستای زانستی ڕامیاری لە کۆلێژی وێلزلی لە ویلایەتی ماسەچوسێتس، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئەم لوتکەیە هەلێکە بۆ بایدن بە مەبەستی بەدەستخستنی پشتگیری لە دژی فراوانبوونی دەستەڵاتە تاکڕەویەکانی ئەو دوو وڵاتە لە جیهاندا.

ستیەیسی گۆدارد دەڵێت، " تاڕادەئەک ئەمە بریتییە لە پەیامی 'تۆ لەگەڵ ئێمەدایت یا دژی ئێمەیت.' کۆکردنەوەی وڵاتە دیموکراسیەکان لەگەڵ یەک بریتییە لە ستراتیژییەک بۆ کێشانی خاڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە لایەک و ڕوسیا و چین لە لاکەی تر. وە تاڕادەیەک داواکردنە لەو وڵاتانە بەوەی کە لایەنێک هەڵبژێرن."

ستیەیسی پێیوایە کە ئەو هەڵبژارنە بۆ هەندێک لە وڵاتان جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەت کۆریای باشور و ئەڵمانیا کە بۆ گەشەسەندنی ئابوریان تاڕادەیەکی زۆر پشتدەبەستن بە چین. هەروەها، بانگهێشتکردنی تایوان بۆ لوتکەکە بەتایبەت جێگەی نیگەرانی بەرپرسانە لە چین کە تایوان بە بەشێکی دانەبڕاو لە وڵاتەکەیان دەزانن.

شایەنی باسە، پاکستان یەکێک بوو لە وڵاتانی بانگهێشت کراو بۆ لوتکەکە بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، ئیمران خان، ئامادە نەبوو بەشداری بکات.

سەبارەت بە هۆکاری بەشداری نەکردنەوە، بەرپرسێکی پاکستان کە نەیویست ناوی بهێندرێت ڕۆژی چوارشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بەشداری تایوان لە لوتکەکە هاوتەریب نییە لەگەڵ سیاسەتی پاکستان کە "بە توندی" پشتگیری دەکات لە "یەکێتی چین."

ڕێکار حسێن، پاتسی ویداکوسوارا

XS
SM
MD
LG