Accessibility links

هاوپەیمانی دژ بە داعش کۆتایی بەئەرکە جەنگییەکانی لە عێراق دەهێنێت


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکای دژ بە داعش ئەرکی جەنگی لە عێراق تەواو کردووە و سەرنجەکانی دەگۆڕێت بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکاری.

گۆڕینی ئەرکی ئەو هێزەی کە لەنزیکەی 2،500 سەرباز پێکهاتووە، سەرەتا لە مانگی 7 لەلایەن سەرۆک جۆو بایدن لە میانەی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمی لە کۆشکی سپی، ڕاگەیاندرا.

حکومەتی عێراق لەژێر فشارێکی زۆری گروپە سیاسیی و چەکدارەکانی سەر بە ئێراندایە کە بە بەردەوامی داوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا دەکەن.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق قاسم ئەلئەعرەجی لە تویتێکدا ڕایەگەیاندووە " ئەمڕۆ کۆتا خولی گفتوگۆمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەواو کرد کە ساڵی ڕابردوو دەستمان پێکرد. بە فەرمی کۆتایی هێنرا بە ئەرکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان. کشانەوەی هێزەکان لە عێراق ڕادەگەیەنین بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە بوارەکانی ڕاهێنان و ڕاوێژ و تواناییدا بەردەوام دەبن."

ئەلئەعرەجی ئەو قسانەی پاش کۆبونەوەیەکی نێوان هاوپەیمانان و سەرکردە هاوبەشەکانی هێزی ئاسایشی عێراقی کرد.

لە ئێستادا نزیکەی 2500 سەربازی ئەمەریکا و 1000 سەربازی هاوپەیمانان کە لە عێراقدان لەوێ دەمێننەوە. ئەوان لە ناوەڕاستی ساڵی 2020ەوە وەک ڕاوێژکار و ڕاهێنەر کاریان کردووە.

ژەنەراڵ سەعد مەعن بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " هاوپەیمانێتییەکە بە تەواوتی هەموو ئەرکەکانی بە تەواوەتی گۆڕیوە بۆ ئەرکی نالەشکری."





XS
SM
MD
LG