Accessibility links

پەنابەرانی ڕۆهینگیا داوای 150 ملیار دۆلار قەرەبوو لە فەیس بووک دەکەن


پەنابەرانی ڕۆهینگیای میانمارسکاڵایان لەسەر کۆمپانیای مێتا پلاتفۆڕم تۆمارکردووە کە پێشتر بە فەیسبووک ناسرا بوو، لەبەرامبەردا داوای 150 ملیار دۆلار دەکەن وەک قەرەبووکردنەوە لەسەر ئەوەی گوایە ئەو کۆمپانیایەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دژی وتاری ڕەق و کینەی کە بووەتە هۆی توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆهینگیاکان هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

ڕۆژی دووشەممە داوایەکی یاسایی بە کۆمەڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کالیفۆرنیا تۆمار کراوە لەلایەن هەردوو کۆمپانیای پارێزەران PCEdelson و Fields PLLC و باس لەوە دەکات کە شکستەکانی کۆمپانیاکە بۆ چاودێریکردنی ناوەڕۆک و دیزاینکردنی پلاتفۆڕمەکەی هاوکاربووە بۆ ئەو توندوتیژیانەی کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی رۆهینگیاکان بۆوە. هاوکات لە هەنگاوێکی رێکخراودا پارێزەرە بەریتانیایەکان یاداشتێکیان پێشکەش بە ئۆفیسی فەیسبووک کرد لەندەن.

فەیسبووک دەستبەجێ وەڵامی داواکاریەکەی ڕۆیتەرزی نەدایەوە بۆ لێدوان لەسەر ئەو داوا یاساییە. کۆمپانیاکە گوتویەتی " زۆر خاو بووە بۆ ڕێگەگرتن لە زانیاری هەڵە و ڕق و کینە"لە میانمار و گوتیشی لەوکاتەوە هەنگاوی ناوە بۆ سەرکوتکردنی پێشێلکاری پلاتفۆرمەکە لە ناوچەکەدا، لەوانەش قەدەغەکردنی هەڵوێستی لەشکریانە لە فەیسبوک و ئینستاگرام دوای کودەتاکەی 1ی مانگی دووی ئەمساڵ.

فەیسبووک ڕایگەیاند کە بە پێی یاساکانی ئەمەریکا بۆ ئینتەرنێت کە بە بەندی یاسایی 230 ناسراوە پارێزراوە لە بەرپرسیاریەتی ئەو ناوەڕۆکەی کە بەکارهێنەران بڵاویدەکەنەوە، کە تیایدا هاتووە پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان بەرپرسیارنین لەو ناوەڕۆکەی کە لەلایەن لایەنی سێهەمەوە بڵاودەکرێنەوە. سکاڵاکە دەڵێت هەوڵی ئەوە دەدات یاسای بۆرما جێبەجێ بکات بۆ داوا یاساییەکە ئەگەر مادەی 230 وەک بەرگری دابنرێت.

هەرچەندە دادگاکانی ئەمەریکا دەتوانن یاسای بیانی جێبەجێ بکەن بۆ ئەو کەیسانەی کە گوایە زیانیان پێگەیشتووە و گوایە چالاکیەک کراوە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە وڵاتانی دیکەدا. بەڵام دوو پسپۆڕی یاسایی کە لە لایەن ڕۆیتەرزەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە دەڵێن ئەوان ئاگایان لەوە نییە کە پێشتر هیچ داوایەکی یاسایی دژی کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرکوتوو بووبێت ئەگەر رێوشێنە یاساییەکانی بەرگریکردن بە پێی بەندی یاسایی 230 بووبێت.

ئەنوپام چاندر، پرۆفیسۆر لە سەنتەری یاسای زانکۆی جۆرج تاون وتی داوای ناڕەزایی بە یاسای بورمی "نەگونجاو" نابێت. بەڵام پێشبینی ئەوەی کرد کە ئەو هەنگاوە "پێناچێت سەرکەوتوو بێت"، گوتیشی: "زۆر سەیر دەبێت کۆنگرێس بە پێی یاسای ئەمەریکا ڕێگری لە رێکارەکان بکات بەڵام ڕێگە بدات بە یاسای وڵاتانی بیانی هەنگاو هەڵگرن."

لە مانگی 8 ی 2017دا دوای هەڵمەتێکی سەربازی زیاتر لە 730 هەزار موسڵمانی ڕۆهینگیا لە هەرێمی ڕاخاین لە میانمار هەڵاتبوون، پەنابەران دەیانوت دووچاری کوشتن و دەستدرێژی سێکسی بەکۆمەڵ بوونەتەوە. هاوکات گروپە مافپەروەرەکان، کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی و سوتاندنی گوندەکانیان بە بەڵگەوە خستەڕوو.

دەسەڵاتدارانی میانمار دەڵێن کە شەڕی یاخیبوون دەکەن و نکۆڵیان کرد لەوەی کە بە شێوازێکی پلانبۆداڕێژراو کردەی وەحشیگەرانەیان ئەنجامدابێت.

لە ساڵی 2018دا لێکۆڵەرانی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند کە بەکارهێنانی فەیسبوک ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە بڵاوکردنەوەی وتاری ڕق و کینە کە توندوتیژییەکانی زیاتر کرد. لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆیتەرز لەو ساڵەدا کە لە سکاڵاکەی ئەمەریکادا پرسیاری لێکراوە زیاتر لە 1000 نموونەی پۆست و سەرنجەنوسین و وێنەکان بەدیکراوە کە هێرش دەکەنە سەر ڕۆهینگیا لە میانمار و موسڵمانانی دیکە لە فەیسبوک.

لەمانگی 9 ی ئەمساڵ دا دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان دۆسیەیەکی کردۆتەوە بۆ ئەو تۆمەتی تاوانانەی کە لەو ناوچەیەدا ئەنجامدراوە. دادوەرێکی فیدڕاڵی ئەمەریکا داوای لە فەیسبوک کرد کە تۆماری هەژماری پەیوەست بە توندوتیژی دژی ڕۆهینگیا لە میانمار بڵاوبکاتەوە، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییە زەبەلاحەکە دایخستوون.

ئەو داوا نوێیە یاساییە بە کۆمەڵە ئاماژە بەو دەنگۆیانە دەکات کە لە لایەن هەواڵدزەپێکەرێکی فەیسبووکەوە بە ناوی فڕانسیس هۆگان، کە ئەم ساڵ تۆماری بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی دزە پێکردووە کە کۆمپانیاکە چاودێری ناوەڕۆکی ئەو لێدوانە خراپانە ناکات لەو وڵاتانە دا کە پێدەچێت ئەم جۆرە گوتارانە زۆرترین زیانی لێبکەوێتەوە.

هەروەها سکاڵاکە ئاماژە بە راپۆرتە میدیایەکانی ئەم دواییانە دەکات، لەوانە ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز کە لە مانگی ڕابردوودا بڵاوکرابۆوە کە سوپای میانمار هەژماری ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا بەکاردەهێنێت بۆ تێوەگلان لەو بابەتانەی کە بە شێوەیەکی فراوان لە سوپادا بە "شەڕی زانیاری" ناودەبرێت.

سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG