Accessibility links

تورکیا و قەتەر بەڵێنی دووبارە کردنەوەی فڕۆکەخانەی کابول دەدەن


هاوکاتی گفتوگۆکانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە ماوەی دوو ڕۆژە لە دەوحە دەستی پێکردوە، تورکیا و قەتەر ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند بە هاوبەشی فڕۆکەخانەی کابول کە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندایە، دووبارە دەکەنەوە.

ئەفغانی و هێزە بیانییەکان لە کاتی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە مانگی هەشتدا، لە ڕێگای ئەم فڕۆکەخانەیەوە ئەفغانستانیان بەجێهێشت.

بەڵام زۆر کەسیش هێشتا چاوەڕێی ئەوەن ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، وڵاتێک کە ڕووبەڕووی داڕمانی ئابووری و هەڕەشەی کەمی خۆراک بۆتەوە لەم وەرزەی زستاندا.

مەولوود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا قەتەرییەکەی، پێش گەیشتنی ئەردۆغان گوتی "ئێمە پێکەوە کاردەکەین".

شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمانی دووەم، وەزیری دەرەوەی قەتەر گوتی "قەتەر و تورکیا بە شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی کاتی ئەفغانستاندا کار دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێکەوتنێک بۆ دووبارەکردنەوەی فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتە."

سەردانەکەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ڕکابەرە پێشووەکانی لە کەنداوی فارس بنیات بنێتەوە، لەوانە لەگەڵ میرنیشینە یەکگرتووەکانی عەرەبدا( ئیمارات).

لە دوای گەمارۆکان بۆ سەر قەتەر لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە بە ڕابەرایەتی عەرەبستانی سعودیە لە ساڵی 2017دا، گرژییەکانی نێوان ئەنکەرە و ڕکابەرەپێشووەکانی لە کەنداوی فارس ڕووی لەهەڵکشان کرد.

ئەنکەرە لەو ناکۆکییەدا پاڵپشتی وڵاتی قەتەری کرد، لەو کاتەوەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە نزیکتربووەتەوە.

ئەردۆغان کە وڵاتەکەی خۆی ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بۆتەوە، بەدوای وەبەرهێنانی دەرەکی و بازرگانیدا دەگەڕێت، گوتیشی دەیەوێت ئەو گەشتە بەکاربهێنێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو وڵاتانی کەنداودا.

ئەردۆغان لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ پێش گەشتەکەی بۆ دەوحە، بە پەیامنێرانی گوت "ئێمە لایەنگری پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خۆمانین لەگەڵ هەموو وڵاتانی کەنداودا."

ئەردۆغان ئاماژەشی بەوە کرد "لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەمارۆ و سزا سەپێندراوەکانی سەر قەتەر هەڵگیراون ولە ئێستاشدا لە هەوڵی ئەوەداین لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین."

XS
SM
MD
LG