سەرچاوە ئاسایشی و پۆلیسییەکان ڕایانگەیاند، هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆژی دووشەممە گوندێکی باکوری عێراقیان کۆنترۆڵکردەوە دوای ئەوەی چەکدارانی داعش لە ڕۆژی ڕابردوو گوندەکەیان کۆنترۆڵکرد.
بەپێی سەرچاوەکان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان توانیویانە گوندی لهێبان کۆنتڕۆڵ بکەن، هەرچەندە چەکدارەکانی داعش بۆمب و تەقەمەنیان لە چەند خانووێکدا داناوە.
سەرچاوە ئاسایشیەکان ڕایانگەیاند، لە هێرشێکی جیای چەکدارانی داعش لە ڕۆژی یەکشەممە بۆ سەر گوندی قەرە سەلیم لە باکوری عێراق چوار پێشمەرگە و هاوڵاتیەکیان کوشت و شەش کەسی دیکەشیان بریندار کرد.
وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هێرشەکە کوژراوی لێکەوتووەتەوە بەڵام ژمارەی کوژراوەکانی پشتڕاست نەکردۆتەوە.
عەقیدێکی پێشمەرگە دەڵێت "چەکدارانی داعش لە هێرشی شەوانەیاندا بۆ سەر پێگەکانیان تاکتیکی لێدان و ڕاکردن بەکاردەهێنن. ئەوان خۆیان بەدوور دەگرن لە مانەوەیان بۆ ماوەیەکی درێژ، هەروەها هێزی زیاتر بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە کراون".
دوو سەرچاوەی ئاسایشی عێراق ڕایانگەیاند، کە هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە کوردییەکان هێزەکانیان لەو ناوچەیە بەهێزکرد. لەگەڵ هەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی عێراق کە بۆ ڕاونانی چەکدارانی داعش بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.
ئەو دوو گوندە دەکەونە ناوچەیەکی دوورەوە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، کە داعش بەردەوام هێرشی تێدا ئەنجام دەدات.
عێراق لە مانگی 12ی ساڵی 2017 سەرکەوتنی بەسەر گروپی چەکداری داعشدا ڕاگەیاند، هەرچەندە گروپەکە تا ڕادەیەکی زۆر تێکشکێنراوە، بەڵام بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرش لە ڕێگەی شانە نوستووەکانەوە، بە تایبەتی لە بەشی باکوری وڵاتەکەدا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز