Accessibility links

پاش دەرکەوتنی یەکەم حاڵەتی ئۆمیکرۆن لە ئەمەریکا، بڕیارە سەرۆک بایدن چەند ڕێوشوێنێکی نوێ ڕابگەیەنێت


بڕیارە سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە ڕێوشوێنی توندی تاقیکردنەوەی کۆڤید-19 بۆ هەموو گەشتیارانی نێونەتەوەیی بەرلەوەی بێنە نێو ئەمەریکاوە ڕابگەیەنێت لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە ئۆمیکرۆن ناسراوە.

بایدن وتارەکەی لە نێوەندی نیشتمانی تەندروستی تەرخان دەکات بۆ خستنەڕووی بەرنامەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ بەگژداچوونەوەی کۆڤید-19 لە کاتێکدا وڵاتەکە نزیک دەبێتەوە لە وەرزی زستان و پشڕاستبوونەوەی یەکەم حاڵەتی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە لە ئەمەریکا.

کۆشکی سپی لە لێدوانێکیدا بەر لە لێدوانەکەی بایدن ڕایگەیاند؛ کە چاوەڕوان دەکرێت داوا لە گەشتیاران بکرێت ڕۆژێک پێش دەرچوونیان بۆ ئەمەریکا پشکنین ئەنجام بدەن تا دڵنیا بن کۆرۆنایان نییە. ئەمەش گۆڕانکارییە لە ڕێوشوێنە یاساییەکاندا کە لە ئێستادا تاقیکردنەوەکان سێ ڕۆژ پێشتر ئەنجام دەدرێت. ئەم رێوشێنە نوێیە هاووڵاتیانی ئەمەریکا و هاوڵاتیانی نەتەوە بیانیەکان دەگرێتەوە.

وابڕیار بوو سەپاندنی پۆشینی دەمامک لە وێستگەکانی گواستنەوەی گشتی و لە فڕۆکەخانەکان لە 18ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێبێت. هاوکات پێشبینی دەکرێت تا مانگی سێی ساڵی داهاتوو درێژبکرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە؛ کە بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن بەڵێن دەدات لە ماوەی 100 ڕۆژی داهاتوودا 200 ملیۆن دەرزی ڤاکسینی زیاتر بۆ دەرەوەی وڵات دابین بکات. لە ئەمریکاش هەوڵەکانی هۆشیارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی گشتی دەستپێبکات بۆ هاندانی خەڵک بۆئەوەی ڤاکسینی بەهێزکەر وەربگرن. هاوکات تیمەکانی فریاگوزاریی بۆ هاوکاریکردنی ئەو نەخۆشخانانە دابیندەکرێت کە لە دۆخی تەنگەتاویدان.

بەشێکی دیکەی پلانی بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەوەیە کە کەرەستەی تاقیکردنەوە بە خۆڕایی بۆیان دابین بکات بۆ ئەو کەسانەی کە لەسایەی پلانی بیمەی تەندروستی تایبەتدان، هەروەها بۆ ئەو ولایەتانەی کە حاڵەتی توشبوونەکان تیایاندا زیادی کردووە بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی بە هاناوەچوونی خێرا دابین دەکرێن بۆ یارمەتیدانی نەخۆشخانە قەرەباڵەغەکان.

دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی پسپۆڕی نەخۆشییە درمەکان لە ئەمریکا و گەورە ڕاوێژکاری پزیشکی بایدن؛ جەختی لەسەر پێویستیی کوتانی ڤاکسین کردوە بۆ خەڵک، لەوانەش دەرزی بەهێزکەر. هاوکات ڕۆژی چوارشەممە قسەی بۆ پەیامنێران کرد لە کۆشکی سپی سەبارەت بە ڤایرۆسی جۆری ئۆمیکرۆن.

ئەو وتی کە 60 ملیۆن کەس هەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کە شیاوی ئەوەن ڤاکسینی دژە کۆڤید-19 وەربگرن، بەڵام ئەوان ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. تێکڕا ئەو هۆکارانە لەئارادان بۆئەوەی باوەڕ بەوە بهێنن کە زیادکردنی وەڵامدانەوەی بەرگری لەش لەرێی وەرگرتنی دەرزی بەهێزکەری ڤاکسینەکانەوە دەبێتە هۆی ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشییە بەهێزەکە تەنانەت ئەگەر کەسێک توشی جۆری ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنیش بێت.

فاوچی وتیشی: "پێموایە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات نمونەیەکی دیکەیە کە بۆچی گرنگە ئەو کەسانە ڤاکسین وەربگرن کە هێشتا وەریان نەگرتووە."

بەرپرسانی تەندروستی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند؛ یەکەم حاڵەت پشتڕاست کراوەتەوە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کە کەسێک توشی جۆرە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کرۆرۆنا-ئۆمیکرۆن بووە لە ڕۆژئاوای کالیفۆرنیا.

فاوچی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە ئەو کەسە لە گەشتێکی رۆژی 22ی مانگی 11 دا لە ئەفریقای باشورەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەمریکا و لە ڕۆژی دووشەممە پشتڕاستکراوەتەوە کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە.

فاوچی وتیشی کە ئەو کەسە نیشانەی مامناوەندی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبووە و خۆی کەرەنتین کردووە و بەرەو باشبوون دەچێت. ئەو وتیشی کە ئەو کەسە بە تەواوەتی ڤاکسینی وەرگرتووە، بەڵام هێشتا دەرزی بەهێزکەری ڤاکسینەکەی وەرنەگرتووە.

ئەم کەیسەی ئۆمیکرۆن ویلایەتە یەکگرتووەکانی زیاد کردەسەر لیستی ئەو وڵاتانەی کە هەر لە زیادبوندایە؛ بەلایکەمەوە لە 24 وڵاتی جیهاندا ئەو ڤایرۆسە گۆڕاوە دۆزراوەتەوە.

بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەچێتە پاڵ لیستی ئەو وڵاتانەی کە هەر لەزیادبووندایە کە جۆرێک لە سنووردارکردنی گەشت یان قەدەغەکردنی تەواوەتیان بەسەر گەشتیارانی بیانیدا سەپاندووە. هەر لەو کاتەوەی کە ڤایرۆسە گۆڕاوەکە-ئۆمیکرۆن بۆ یەکەمجار لە 24ی مانگی 11 دا لەلایەن زانایانی باشووری ئافریکاوە دۆزرایەوە.

ژاپۆن دووبارە چوونەژوورەوەی سەرجەم گەشتیارانی بیانی کە نیشتەجێی ژاپۆنن قەدەغە دەکات ئەگەر لە ڕۆژی پێنجشەممەوە لە ئافریکای باشوور یان نۆ وڵاتەکەی دیکەی باشوری ئافریکاوە گەشت بکەن.

کۆریای باشور داوا لە سەرجەم گەشتیارەکان دەکات کە هاتونەتە ناو وڵاتەکەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن، هەموو ئەو گەشتیارانەی کە دێنە ئەو وڵاتە دەبێت تاقیکردنەوەی جۆری ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنیان بۆ بکرێت. گرتنەبەری ئەم رێوشێنانە هەر لە ڕۆژی هەینیەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە جێبەجێ دەکرێن.

بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە سود لە ئاژانسی رۆیتەرز و ئەسۆشەیتد پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG