Accessibility links

ڕەوتی سەدر بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق ڕادەگەندرێت


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق ڕۆژی سێشەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی 10 ی مانگی 10 ی عێراقی ڕاگەیەند کە تیایدا رەوتی سەدر بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان پشتڕاست کرایەوە.

کۆمسیۆنەکە دەڵێت رەوتی سەدر لە کۆی 329 کورسی پەرلەماندا 73 کورسی بەدەستهێناوە.

هاوپەیمانی تەقەدوم کە زۆربەی سوننەکان پشتیوانی دەکەن، 37 کوسی بەدەستهێناوە. هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسای سەرۆک وەزیری پێشوو نوری ئەلمالکی 33 کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستانیش 31 کورسی.

هاوپەیمانی کوردستان و هاوپەیمانی فەتحیش هەر یەکەو 17 کورسییان بەدەستهێناوە.

ئەنجامەکانی حزبە کوردییەکانی تر بەم شێوەیە بوون، نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 4 کورسی و کۆمەڵی دادگەریش یەک کورسی.

ئەنجامەکان جیاوازییەکی زۆریان نییە لەگەڵ ئەو ژمارانەی چەند ڕۆژێک پاش هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی 10 ی مانگی 10 بڵاوکرانەو ئەمەش لە کاتێکدایە سیاسەتمەداران دەستیان کردووە بە وتووێژکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ. گروپەکانی سەر بە ئێران کە لە هەڵبژاردنەکاندادەنگەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە .

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت ڕێژەی بەشداری خەڵکی گەیشتووەتە %44 کە لە ئەنجامە بەراییەکاندا %43 بوو بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018 کەمی کردووە.

زیاتر لە 9 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە هەڵبژاردنی 10 ی مانگی 10 دەنگی خۆیان دا کە بەلایەنی کەم 167 پارتی سیاسی و 3،200 کاندید بەربەرەکانیان دەکرد بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان.


XS
SM
MD
LG