Accessibility links

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان دەگەڕێتەوە دۆحە بۆ وتووێژکردن لەگەڵ تاڵیبان


نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان هەفتەی داهاتوو سەردانی دۆحە دەکات بۆ وتووێژێکی دووڕۆژی لەگەڵ ڕێبەرانی تاڵیبان.

پرایس گوتی " ئەوان تاوتوێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان لە ئەفغانستان دەکەن، کە بریتییە لە بەگژداچوونەوەی تیرۆریزم، ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ دەرچوونی هاووڵاتییە ئەمەریکاییەکان و ئەو ئەفغانیانەی هاوکارییان کردووین، ئەمە بریتیش دەبێت لە تاوتوێکردنی هاوکاری مرۆیی و بارودۆخی ئابوری وڵاتەکە."

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا تۆم وێست لە سەرەتای ئەم مانگە بەشداری لە کۆبونەوەی تر کرد کە پاکستان، چین، ڕووسیا و ئەمەریکای تێدا بەشدار بوون بە مەبەستی تاوتوێکردنی هاوکارییەکان بۆ ئەفغانستان. ئەو گروپە لەگەڵ نوێنەرە باڵاکانی تاڵیبانیشدا گفتوگۆیان کرد.

هەروەها وێست بەشێکیش بوو لەشاندی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکانی مانگی 10 لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان لە دۆحە کە یەکەم گفتوگۆی لەو شێوەیەی نێوان واشنتن و تاڵیبان بوو دوای ئەوەی ئەمەریکا لە پاش شەڕی 20 ساڵە لە ئەفغانستان کشایەوە.

هاوکاتی نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، ئەفغانستانی کە لە هەژارییەکی زۆردایە کەتووەتە نێو قەیرانی مرۆیی. ملیۆنان کەس لەبەردەم برسێتییەکی زۆردان لە کاتێکدا نرخی خۆراک بەهۆی وشکە ساڵی بەرزبووەتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG