Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشیاری دەدات لەمەڕ جۆری نوێی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئەگەری هەیە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا (ئۆمیکرۆن) بە شێوەیەکی زۆر گۆڕاو بڵاوبێتەوە لە ئاستی نێونەتەوەیدا، هەروەها مەترسییەکی زۆرهەیە ژمارەی تووشبوان بەرزببێتەوە، کە دەشێ لە هەندێک شوێندا دەرئەنجامی توندی هەبێت.

ڕێکخراوەکە ئەوەشی ڕاگەیاند لەگەڵ ئەوەی کە هێشتا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدانی پەیوەندیدار بە ئۆمیکرۆن بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر بوو.

وا پێشبینی دەکرێت ژمارەی حاڵەتەکان زیاد بکات کە هەفتەی ڕابردوو بۆ یەکەمجار بڵاوکرایەوە، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای لە 194 دەوڵەتی ئەندام کرد بۆ خێراکردنی کوتانی ئەوانەی لە ڕیزی پێشەوەن و زیاتر مەترسی توشبونیان لێدەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO ، تیدرۆس ئەدهانۆم، دەڵێت" دەرکەوتنی ئۆمیکرۆن دەریخست کە دۆخەکە چەندە ترسناک و ناجێگیرە". هەروەها گوتیشی "ئۆمیکرۆن دەریدەخات کە بۆچی جیهان پێویستی بە رێککەوتنێکی نوێ هەیە لەسەر پەتاکە" .

زانا ڕیچارد هاچێت، بەڕێوەبەری گشتی هاوپەیمانی بۆ داهێنانی ئامادەکاری ژینگەیی (CEPI)، دەڵێت" دەرکەوتنی ئۆمیکرۆن ئەو پێشبینیانەی زیاد کردووە کە پەرەسەندنی ڤایرۆس لەو ناوچانەی ڕێژەی کوتانی کەمترە خێراتر دەکات".

پسپۆڕان دەڵێن مایەی سەرسوڕمان نیە کە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو دۆزراوەتەوە، ئەوەی جێی ئاماژەیە کەمتر لە سەدا 8 لە ئافریکا دژ بە کۆڤید – 19 کوتراون، ئەمەش ژینگەیەک دەخوڵقێنێت بۆ گۆڕانی ڤایرۆسەکە بڵاوبوونەوەی زیاتر.

دکتۆر ماری ستێفن بەرپرسی تەکنیکی لە ئۆفیسی ئافریکای ڕێکخراوی تەندروستی جیهان گوتی لە حاڵەتی نەبوونی ڤاکسینەکانی دژ بە نەخۆشییەکە هاوڵاتیان پێویستیان بە هاندانە بۆ ئەوەی پشتیوانی لە ڕێکارەکانی دیکە بکەن لە پێناو کەمکردنەوەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە و ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤ.

XS
SM
MD
LG