Accessibility links

تورکیا فشارەکان فەرامۆش دەکات لەپێنا و هێشتنەوەی چالاکوانێک لە زینداندا 


ڕۆژی هەینی دادگایەکی تورکیا رێبەری کۆمەڵگەی مەدەنی عوسمان کاڤاڵای لە زینداندا هێشتەوە سەرەڕای فشار و مەترسییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر پەیوەندییەکانی ئانکەرە لەگەڵ ئەوروپا.

ئەوە یەکەمین دانیشتنی دادگا بوو لە ئەستەنبوڵ هەر لەوکاتەوەی سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی دەرکردنی 10 باڵوێزی رۆژئاوایی کردبوو کە داوای ئازادکردنی کاڤاڵایان دەکرد.

ئەو رێبەرەی کۆمەڵگای مەدەنی و بازرگانە تەمەن 64 ساڵانە کە زیاتر لە چوار ساڵە بەبێ تاوانباربوون لە زینداندایە، تۆمەتبارە بە پارەدان بە ناڕەزاییەکانی دژی حکومەت لە ساڵی 2013 و ڕۆڵگێڕان لە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016دا.

ئەگەر تاوانبار بکرێت، ئەوا بۆ هەتا هەتای لە زیندان دا زیندانی دەکرێت بەبێ هیچ مەرجێکی ئازدکردنی.

کاڤاڵا کە نکۆڵی لە تۆمەتەکان دەکات، گەڕی لێپرسینەوەی دادگای ڕۆژی هەینی ڕەتکردەوە، دوابەدوای ئەوەی مانگی ڕابردوو کەیسەکەی قەیرانێکی دیپلۆماسیی لێکەوتەوە کاتێک 10 باڵوێزخانەکە - بە ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیاشەوە لە ڕاگەیەندراوێکی نائاساییدا وتیان دەستبەسەرکردنی کاڤالا وەک تارماییەک باڵدەکێشێت بەسەر دیموکراسی و سیستمی دادوەری تورکیا دا.

ئەردۆغان دیپلۆماتکارەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی هەوڵ دەدەن "وانە بدەن بە تورکیا" و هەڕەشەی دەرکردنیانی کرد.

دیپلۆماتە ڕۆژئاواییەکان کە نێردراوەکانیان هەڕەشەی دەرکردنیان لێکرابوو، ڕۆژی هەینی لە دادگا ئامادەبوون. هەروەها چەند یاسادانەرێکی ئۆپۆزسیۆن و ژنەکەی کاڤالا ئایشە بوگرا کە ئەکادیمیستێکی بەناوبانگە لەوێ ئامادەبوون.

ئایشە بوگرا لە دەرەوەی دادگا بە پەیامنێرانی گوت: "نازانم لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا لە چەند دانیشتنی دادگادا ئامادەبووم" ئەم دانیشتنانە هەمیشە بە هەمان ئەو وشانە و هەمان ئەو ڕستانە کۆتاییان پێدێت: ئەوان بەردەوامن لە زیندانیکردنی.

ئایشە بوگرا وتیشی "داواکاری گشتی هیچ پرسیارێک ناکەن لە تومەتبارەکە سەبارەت بە ئامادەکردنی لیستی تومەتەکان بەڵکو دەستەواژەی زۆر قورسیان ئامادەکردووە، ئەمە ئاسایی نیە، ئەمە لەگەڵ پێوەرەکانی یاسای جیهانی و مافی مرۆڤ دا ناگونجێت."

دانیشتنی داهاتووی دادگا خراوەتە 17 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوەوە.

ئەم خێرخوازە بوو بە سیمبولی لایەنگرانی لە هەڵمەتە سەرتاسەرییەکەی ئەردۆغاندا دوای کودەتا شکستخواردووەکە.

ئەو دانیشتنەی دادگا لە کاتێکدا دێت کە ئەردۆغان لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا ڕووبەڕووی سەخترین تاقیکردنەوە ئابورییەکانی حوکمەتەکەی نە بۆتەوە ئا بەو شێوەیەی ئێستا و بەهای لیرەی تورکیاش بەرامبەر بەهای دۆلار نزمترین ئاستی پێوانەیی خۆی تۆمارکردووە.

لیرە بە های 12.3 بەرامبەر دۆلار شکاو، نزیکەی لە سەدا سێی بەهاکەی لەدەستدا.

کەیسی کاڤالا دەتوانێت هانی ئەنجومەنی چاودێری مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بدات کە لە کۆبوونەوە چوار ڕۆژیەکەی کە لە ڕۆژی سێشەممەوە دەست بە یەکەم دانیشتنی دادگای شەرمەزارکردنی تورکیا دەکەن- ئەمە یەکەمینجارە پێشێلکارییەکان ئا بەو جۆرە لە مێژووی دادگادا بەکارهاتووە.

ئەنجومەنی چاودێرانی مافی مرۆڤی ئەوروپا هۆشدارییەکی کۆتاییان بە تورکیا داوە بۆ پابەندبوون بە فەرمانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی 2019 بە ئازادکردنی کاڤالا کە چاوەڕوانی دادگاییکردن دەکات.

تۆلگا ئایتور پارێزەری کاڤالا بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند: "ئەمڕۆ دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ تورکیا بۆ ئەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی دادگاکانی تورکیا چارەسەر بکات."

هەروەها دەشڵێت من لەو باوەڕەدام "دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی نیشانی بدەین کە سیاسەت دەستوەرناداتە ناو دادوەرییەوە وابزانم دادوەری ئەم هەلەی لەدەست دا."

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی-ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە نامەیەکی کراوەدا کە ڕۆژی هەینی بڵاوی کردۆتەوە داوای لە سەرکردەکانی ئەو دەوڵەتانە دەکات کە پەنا بۆ ئەو ڕێوشوێنانە بەرن کە بە دەگمەن دژی تورکیا بەکارهێنراون.

نیڵس مۆزنیکس، بەڕێوبەری ئەوروپای ئەمنستی ئینتەرناشناڵ وتی: "هیچ لە پاساوەکانی تورکیاوە نەماون بۆ ڕەتکردنەوەی ئازادکردنی عوسمان کاڤالا لە زیندان."

هەروەها وتیشی؛ ڕەتکردنەوەی ئەنکەرە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی دادگای ئەوروپا، "هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەلامەتی سیستمی مافی مرۆڤی ئەوروپا."

لەم مانگەدا ئیبراهیم کاڵین وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس؛ ڕەتیکردەوە کە پێشبینی ئەوە بکات گۆڕاناکاری لە ئەنجامەکدا بکرێت و وتی "هیوادارم ئەوان (ئەنجومەنی ئەوروپا) کاتێک بڕیار دەدەن، هەموو ڕاستیەکان لەبەرچاو بگرن و ڕێز لە یاسای ئەم وڵاتە بگرن."

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی دەنگوباسی AFP وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG