لە جەژنی سوپاسگوزاری ئەمەریکادا کۆمەڵێک نەریت هەیە کە دەیان ساڵە بەردەوامن و خەڵکی ئەمەریکا لەم ڕۆژدا بێجگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانەکانیان گرنگییەکی زۆریش بەو نەریتانە دەدەن.
مێژووی ئەم جەژنە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی حەڤدەهەم کاتێک خاوەن بڕوایانی ئایینی کە لە ئەوروپا هاتبوون و ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان کۆبوونەوە بۆ بەشکردنی بەروبوومە خۆراکییەکانی پایزیان.
لەم سەردەمدا ئەم بۆنەیە پشوویەکی فەرمی چەند ڕۆژی دەگرێتەوە بۆ خێزانەکان کە بەشێوەیەکی ئاسایی گەشت دەکەن بۆ بینی خێزانەکانیان لە سەرانسەری وڵاتەکە تا پێکەوە لە خوانی ئێوارەی جەژنی سوپاسگوزاری کۆببنەوە.
لەم ڕۆژەدا بەشێوەیەکی نەریتی خێزانەکان بە قەل و چەند خواردنێکی تری نەریتی سفرەکانیان دەڕازێننەوە.
ساڵی ڕابردوو لە کاتێکدا ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی نەیانتوانی بۆ خواردنی ئێوارە لەگەڵ خێزانەکانیان کۆببنەوە، بەشێکی زۆریان لە ڕێگەی ئۆنلاین چاویان بە کەسوکاریان کەوت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی ئەمەریکا ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە، جەژنی سوپاسگوزاری وەک ساڵانی پێشووی پێش پەتاکەی لێهاتۆتەوە. هەرچەند هێشتاش هەندێك کەس نیگەرانیان هەر هەیە.
یەکێک لە نەریتەکانی جەژنی سوپاسگوزاری ئەوەیە خەڵکی خۆراک و هاوکاری دەبەخشن بەو کەسانەی بێ ماڵن یا ژەمێکی شایستەی ئەو جەژنەیان نیە، بۆیە زیاتر ئەو خواردنانەی کە لە لایەن کەس و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەبەخشرێن بریتین لە قەل و ئەو پێداویستیانەی تر کە لەسەر خوانی ئێوارەی جەژنی سوپاسگوازی دادەنرێن.
وەکو هەموو ڕێکخراوەکانی تر ڕێکخراوەی بانکی خۆراکی لۆس ئەنجلس لەم ساڵدا ئەو هەلەی بۆ خەڵکی ڕەخساندوە کە هەر کەسێک پێوستی بە خۆراک بێت بتوانن خۆراکی ئەم جەژنەیان بۆ خۆیان هەڵگرن.
ڤیکتۆریا لاساڤات بەڕێوەبەری بانکی خۆراک دەڵێت" پەتاکە بۆتە هۆی خراپتربوونی کەمبوونی خۆراک لە ناوچەی لۆس ئەنجلس، ئەو ڕێکخراوە و هاوبەشەکانی ڕۆژانە خۆراکی 900 هەزار کەس دابین دەکەن کە خاتوو لاساڤات دەڵێت ئەم ژمارەیە سێ هێندی بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
لاساڤات دەڵێت" بە شێوەیەکی گشتی ئەم جەژنە دەشێ کاتێک بێت بۆ هەموومان کە بە خۆشی بەسەری بەرین بەڵام بۆ کۆمەڵگا هەژارەکان ڕەنگە ببێتە هۆی ناڕوونیەکی زیاتر".
هێشتا ئەمەریکاییەکان دوودڵن بەرامبەر بە پەتای کۆڤید 19 کە لە ئێستاشدا بەلانی کەم ڕۆژانە 95 هەزار کەس لە ئەمەریکا توشی ئەو ڤایرۆسە دەبن، لەوەتای ئەم پەتایە بڵاوبۆتەوە زیاتر 777 هەزار کەس لە ئەمەریکا بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لە دەستداوە.
هەر لە ڕۆژی پێنجشەممە 95 هەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی مەیسی لە شاری نیویۆرک دەستیپێکردووە کە بە ڕێپێوانی ڕۆژی سوپاسگوازاری مەیسی ناسراوە، کە تیایدا بە هەزار کەس لە نیویۆرک کۆبوونەتەوە بۆ بینی ئەو نمایشانەی لە لایەن باندە میوزیکەکان و گروپە جیاجیاکانەوە دەکرێن.
ڕێپێوانی ساڵی ڕابردووی مەیسی تەنها بۆ بینەرانی تەلەفزیۆن بوو، خەڵکی لەسەر شەقامەکان ئامادە نەبوون بۆ بینی نمایشەکانی فیستیڤاڵەکە .
لە شارەکانی تری ئەمەریکاش ڕێپێوانی جۆراو جۆر لەو ڕۆژەدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام ڕیپێوانەکەی نیویۆرک لە ڕێگای تەلەفزیۆن لە سەرانسەری ئەمەریکا پەخش دەکرێت و نزیکەی 50 ملیۆن بینەری هەیە.
پۆلیسی شاری نیویۆرک تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ڕاینەگەیاندوە چەند کەس بەشداری لە مەڕاسیمەکەدا کردوە، بەڵام ئەوە یەکێكە لە ڕێوڕەسمە گەورەکان کە لە شارەکە دەکرێت.
سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا