Accessibility links

برێت مەکگۆرەک: ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە


بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، جەختدەکاتەوە لەوەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ناچێتە دەرەوە.

برێت مەکگۆرەک، لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ساڵانەی دیالۆگی مەنامەدا دەڵێت "زۆر جار پرسیارم لێکراوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە دەرێ یان نا؟ هەربۆیە ڕێگەم بدەن بە ڕونی و ئاشکرایی بڵێم، ئەمەریکا بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات."

مەکگۆرەک، لەسەر دۆسێی ئێران و بەرنامە ناوکییەکەی و دانوستاندنەکان بۆ گەڕاندنەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکە، ئاماژە بەوە دەکات واشنتۆن بۆ دۆسێی دانوستاندن کراوەیە لەسەر پرسە جیاوازەکان، سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ئێران ڕونە و تاران نەیارێکی ئاشکرایە و دەڵێت "دەڕوانینە ئەوەی ئێران چی دەخاتە سەر مێزی دانوستاندن لە ڤییەننا و هێشتاش وەهای دەبینین میکانیزمی دیپلۆماسی ڕێگە نمونەییەکەیە."

بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی وڵاتەکەی "ڕێوشوێنی گونجاو" دەگرێتەبەر، ئەگەر لەگەڵ ئێراندا نەگەیشتنە ڕێککەوتن لە گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی ڤییەننادا، کە بڕیارە ڕۆژی 29ی ئەم مانگە لە پایتەختی نەمسا دەستپێبکاتەوە.

برێت مەکگۆرەک، لە درێژەی وتارەکەیدا باسی لەوەش کردوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن لەوەتای دەستبەکاربووە، هیچ سزایەکی لەسەر ئێران هەڵنەگرتووە، وەک دەڵێت "پێویستە لەسەر ئێرانییەکان وابەستەی بەندەکانی ڕێککەوتنە ناوکییەکە بن و ئەو ڕێککەوتنەش هەرچییەکی لەسەر بگوترێت کە کێشەی تیادایە، بەڵام سنورێکی بۆ بەرنامە ناوکییەکەی ئێران داناوە و تەنها ڕێگەیەکیشە بۆ سوک کردنی سزاکان و ئەمەریکاش وابەستەیە پێوەی."

مەکگۆرەک دەڵێت هاوکارییەکی ڕژد هەیە لە نێوان واشنتۆن و هاوپەیمانەکانیدا لە سەر ئەم دۆسێیەی ئێران و دەشڵێت "قسەش لەسەر بەرنامەی موشەکی و تواناییەکانی دەوڵەتی ئێرانیش کراوە، بەڵام دۆسێی ناوکی ئێران هەروادێ و ئاڵۆز دەبێت و دەگاتە قۆناغی ئەوەی ببێتە قەیران و هەربۆیەشە لە ئێستادا سەنگیی دەخرێتە سەر."
بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، داواش دەکات، ئاستی ئەو ئاڵۆزی و پشێویانەی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکەدا هەن، کەمبکرێنەوە و دەڵێت "ڕاناکێشرێینە ناو شەڕ لەگەڵ لایەنەکانی سەر بە ئێرانن و ئێرانیش ئەو ڕاستییە دەزانێت، ئێمە گەلی خۆمان و هاوپەیمانەکانیشمان دەپارێزین و بەبێ هیچ دوو دڵییەک ئەو کارە دەکەین ئەگەر پێویست بکات، پەیامەکەشم بۆ هەموو نەیاران ئەوەیە، هیچ گرەوێک لەسەر دژایەتی ئەمەریکا مەکەن."

XS
SM
MD
LG