Accessibility links

سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە دەکات


مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستندا کۆبووە و لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە داوای لێکردووە هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە زیاد بکات.

مەسرور بارزانی لە کاتێکدا گرتەیەکی ڤیدۆیی کورتی دیدارەکەی لەگەڵ ئۆستن بڵاوکردووەتەوە نوسیویەتی " ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕای بەبەرهەم لەگەڵ لۆید ئۆستن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری. من جەختم کردەوە لە گرنگی بەشداری ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە، و پشتیوانییەکانی بۆ شەڕی دژی تیرۆر. داوام لە وەزیر ئۆستن کرد هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە زیاد بکات."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستنیش لەو بارەیەوە تویتێکی کردووە و دەڵێت " دەرفەتم هەبوو ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق مەسرور بارزانی گفتوگۆ بکەم. من سوپاسی بێپایانم کرد بۆ بەردەوامی هاوبەشیمان و ئەو کۆمەکە بەنرخانەی کە پێشمەرگەکانی کورد لە شەڕی دژی داعشدا کردوویانە."

هەر لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ بەحرەین بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆبونەوەی ساڵانەی مەنامە مەسرور بارزانی چاوێ بە برێک مکگورک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کەوت و لە تویتێکدا ڕاگەیاند " هەروەها بیروڕام لەگەڵ برێک مکگورک ئاڵوگۆڕکرد لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق پێویستی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کە ڕێز لە دەستووری عێراق بگرێت، هەروەها ڕێگاکانی تری کە ئەمەریکا دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا."

دیالۆگی مەنامە کۆنفرانسێکی ساڵانەیە کە تیایدا کاربەدەستان باس لە گرفتە ئاسایشییەکان دەکەن.

XS
SM
MD
LG