Accessibility links

ئەردۆغان داوای گفتوگۆی بەردەوام لە ئیسرائیل دەکات


بەپێی لێدوانێکی سەرۆکایەتی تورکیا، سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی ئیسحاق هێرزاگ ئەنجامدا، لەو هاوپەیوەندییە دەگمەنەی نێوان هەردوولادا، ئەردۆغان داوای بەردەوامی دیالۆگی لەگەڵ ئیسرائیل کرد لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی نێوانیاندا.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوانیان چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە دوو هاسەری ئیسرائیلی بۆ ماوەی هەفتەیەک لە تورکیا دەستبەسەرکرا بوون بە گومانی سیخوڕی بەڵام ئازادکران.

هەر بەپێی لێدوانی سەرۆکایەتیەکە ئەردۆغان لە میانەی گفتوگۆ تەلەفۆنیەکە دا بە هێرزاگی وتووە بەردەوام بوون لە پەیوەندی و دیالۆگی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولایە.

ئەردۆغان ئەوەشی وت، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگە.

بە وتەی سەرۆکایەتی کۆمار بە هاوتا ئیسرائیلییەکەی وتوە "ئەگەر هەردوولامان لەسەر بنەمای لەیەک تێگەیشتنی دوولایەنە لەسەر کێشە دووقۆڵییەکان و هەرێمییەکان هەڵسوکەوت بکەن، دەکرێت ناکۆکییەکان کەم بکرێنەوە".

بەر لەو گفتوگۆ تەلەفونییە، مۆردی و ناتالی ئۆکنین کە هەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی وەرگرتنی وێنەی ماڵی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەستەنبوڵ دەستگیرکرا بوون ئازادکران.

ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی تورکیا ئاشکرایان کردووە کە دادگایەک لە ئیستەنبووڵ تۆمەتی "سیخوڕی سیاسی و سەربازی" ی بەسەردا سەپاندوون.

بنەماڵەی ئۆکنین ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە، لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل یائیر لاپید جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ژن و مێردە کارمەندی هیچ دەزگایەکی هەواڵگیری نین.

لە کاتێکدا لەمێژە ئەردۆغان پشتیوانێکی سەرسەختی دۆزی فەلەستینە و ئیسرائیلی بە "تیرۆر" تاوانبار کردووە بەرامبەر بە فەلەستینییەکان.

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل تاڕادەیەک تاویسەندبوو، بەتایبەتی لەو کاتەوەی کە باڵیۆزەکانیان لە ساڵی 2018 پاش کوژرانی خۆپیشاندەرانی فەلەستینی لە غەزە کشانەوە.

XS
SM
MD
LG