پیاوێک کە لە ماڵی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بنی گانتز کاری دەکرد، ڕۆژی پێنجشەممە تۆمەتبارکرا بە هەوڵدانی سیخوڕی کردن بۆ هاککەرەکانی سێبەری ڕەش، کە گوایە پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەیە.
بەپێی ئەو تۆمەتانەی لەلایەن وەزارەتی دادی ئیسرائیلیەوە بڵاوکراونەتەوە، ئۆمری گۆرن گۆرۆچۆڤسکی تەمەن 37 ساڵ و دانیشتووی شاری لۆد ڕۆژی چواری مانگی 11 دەستگیر کراوە.
لە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی گرۆچۆڤسکیدا نوسراوە ڕابردوویەکی تاوانکاری زۆری هەیە کە بریتییە لە زیندانی کردن بۆ تاوانە جۆراوجۆرەکان لە ناویاندا بڕینی بانکیش. ئەمەش ئەو پرسیارەی لێکەوتووەتەوە چۆن ئەم کابرایە توانیویەتی کاری لە ماڵی کاربەدەستە باڵا ئاسایشییەکانی ئیسرائیلدا بەدەستبکەوێت.
لە لێدوانێکی جیادا، دەزگای ئاسایشی ناوخۆی شین بێت وتی گۆرۆچۆڤسکی هەرگیز دەستی ڕانەگەیشتووە بە " زانیاری نهێنی" و بۆیە نەیتوانیوە سەرکەوتووانە نهێنییەکانی دەوڵەت ئاشکرا بکات.
گۆرۆچۆڤسکی و هاوسەرەکەی وەکو کارکەری پاککردنەوە لە ماڵی گانتز لە ڕۆش هاینی دەرەوەی تەل ئەڤیڤ کاریان دەکرد.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو گروپی هاککەرەکانی سێبەری ڕەش بەرپرسیارێتی هێرشێکی سایبەرییان گرتە ئەستۆ کە کۆمپانیایەکی دابینکردنی ئەنتەرنێتی ئیسرائیلی تیادا کرابوو بە ئامانج کە سەرنجی میدیاکانی جیهانی ڕاکێشا.
لە بەڵگەی تۆمەتبارکردنەکەی گۆرۆچڤسکی گروپی هاککەرەکانی سێبەری ڕەش بە گروپێکی سەر بە ئێران ناودێر کراون.
دوابەدوای هێرشە سایبەرییەکان بۆ سەر کەسایەتییە ناودارەکان گوایە گۆرۆچڤسکی لەڕێی تێلگرامەوە لە 31 ی مانگی 10 پەیوەندی بە گروپەکەوە کردووە و پێشنیازی ئەوەی کردووە زانیاری ماڵی گانتزیان پێبدات.
ئیسرائیل دەڵێت "گومانبارەکە ناوێکی هەڵەی بەکارهێناوەو " خۆی بە کەسێک پێناسە کردووە کە لە ماڵی وەزیری بەرگری ئیسرائیل کار دەکات و دەتوانێت بە چەندین شێوە هاوکاری گروپەکە بکات."
بۆ ئەوەی بڕواشی پێبکەن هەندێک وێنەی شتی ناو ماڵەکەی ئەو وەزیرەی گرتووە و ناردویەتی.