Accessibility links

چین 2 ملیۆن ڤاکسین دەداتە سوریا


وڵاتی چین 500 هەزار ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەبەخشێت بە سوریا.

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی هەیە لە هەروادێ و زیاتر بوونی ڕێژەی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە سوریادا کە کەمترین ڕێژەی بەکارهێنانی ڤاکسینیشی هەیە لە جیهاندا.

لە ماوەی یەک هەفتەەدا، بێژینگ بەم ڕاگەیەندراوەی ئەمڕۆ یەکشەممەیەوە، 2 ملیۆن ڤاکسینی بەخشیوە بە سوریا.

مارتن گریفس، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی ڕابردوودا، ئاگاهیدابوو کە کەمتر لە سەدا 2ی دانیشتوانی سوریا ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان بەکارهێناوە.

حەسەن ئەلغەباش، وەزیری تەندروستی سوریا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەوانان، ستایشی وڵاتی چینی کرد بۆ ئەو ڤاکسین بەخشینە بە وڵاتەکەی.

ئەلغەباش دەڵێت کارمەندانی تەندروستی توانیویانە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ زیاتر لە 600 هەزار کەس بەکاربهێنن و هەروەها دوای لە سوریاییەکانیش کردووە تا بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا، 46 هەزار توشبوو بە کۆرۆنا تۆمارکراون و 2661 کەسیش بەم پەتایە مردون.

هەرێمی ئیدلب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریادا کە لەژێر دەستی سەرهەڵداواندایە، زیاتر لە 90 هەزار توشبوونی تۆمارکراوی هەیە و هەروەهاش تا ئێستا 2000 کەس لەو ناوچەیەدا بەم پەتایە مردون.

لە هەرێمی خۆسەری کوردیش لە سوریادا کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە، نزیکەی 1500 کەس بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە لە سەرجەم ئەو 40 هەزار کەسەی تۆمارکراون وەک توشبووی پەتای کۆرۆنا.

XS
SM
MD
LG