Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت زیاتر لە نیوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەم هەفتەیەدابە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە لە ئەوروپا تۆمارکراوە


ئامارە نوێیەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەوە نیشان دەدەن کە ڕێژەی مردن بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەوروپا لە هەفتەی یەکەمی مانگی 11دا،10٪ بەرزبووەتەوە.

بەپێی داتا و زانیاریەکانی ئەو ڕێکخراوە لە ئەم هەفتەیەدا، زیاتر لە نیوەی ئەو 48 هەزار کەسەی کە بە هۆی کۆڤید-19 لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، لە ئەوروپا بوون.

بەپێی هەواڵەکانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بە هۆی کۆرۆناوە لە ڕووسیا تۆمارکراوە و دواتریش لە ئۆکرانیا و ڕۆمانیا زۆرترین ژمارەی مردنەکان تۆمارکراوە .

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە کە ژمارەی توشبوە نوێیەکان بە کۆرۆنا، لە ڕووسیا و بەریتانیا و تورکیا زۆرترین ڕێژەی تۆمارکردوە.

ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە دەشڵێت ئەوروپا نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەو 3.1 ملیۆن حاڵەتە نوێیەی کە لە هەفتەی یەکەمی مانگی یازدەدا لەسەر ئاستی جیهاندا تۆمارکراوە، لە خۆ دەگرێت.

لە ئەڵمانیا کە نزیکەی لەسەدا 67ی دانیشتوانەکەی بەتەواوی ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە، ڕۆژانە دەیان هەزار حاڵەتی نوێی تووشبون ڕاپۆرت دەکرێت و ئەم بەرزبوونەوەیەش لەو کاتەوەی پەتاکە دەستی پێکردووە، بە بەرزبوونەوەیەکی زۆر و بێ وێنە لەقەڵەم دەدرێت.

لە هۆڵەندا کە نزیکەی لەسەدا 68ی دانیشتوانەکەی کوتراون،شارەزایانی بواری تەندروستی بۆ کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکە، بیر لە سەپاندنی کۆت و بەندی زیاتر دەکەنەوە و لەم مانگەشدا دووبارە فەرمانی بەکارهێنانی دەمامکیان لە شوێنە داخراوەکاندا دەرکردوە.

لە بەریتانیا، حکومەت بە خێرایی خەریکی کوتانی ڤاکسینی سێهەمی بەهێزکەرەو واش دانراوە کە کارمەندانی بەشی تەندروستی ناچار بکرێن ڤاکسینی سێهەم وەرگرن و بەرپرسانی بەریتانیا ڕایانگەیاندووە گەر پێویست بکات ئەوا بۆ کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە کۆت وبەند و سنووری زیاتر دەسەپێنن.

XS
SM
MD
LG