رۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە قامشلۆ هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێک کە بە پێی سەرچاوەکانی ناوچەکە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاسایشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تیایدا دەڵێت " فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ڕۆژی 09.11.2021 ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە گەڕەکی هیلێلیێ شاری قامشلۆ کردە ئامانج بەهۆیەوە سێ هاووڵاتی سیڤیلی یەک خێزان شەهید بوون."
ئاسایش لە بەیاننامەکەیدا تورکیا بە پێشێلکردنی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت " ئێمە هێزی ئاسایشی ناوخۆ ڕادەگەیەنین کە ئێمە ئەرکی خۆمان بۆ پاراستنی تەواوی دانیشتوانی هەرێمەکە جێبەجێ دەکەین. پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەکانیش ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن بەرامبەر بەو پەیمان و ڕێککەوتنانەی کە خۆیان وەکو مسۆگەرکەر مۆریان کردووە بۆ پاراستنی ئارامی تەواوی هەرێمەکەمان."
پەیەدە کە پارتی دەسەڵاتدارە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا تورکیا بۆ تەقینەوەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت " ئێمە داوا لە هەموو لایەنکانی وڵاتی مسۆگەرکەر (ئەمەریکا و ڕووسیا)دەکەین کە سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییە بەردەوامانەی هێزی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا لە دژی خەڵکی بێتاوانی سڤیل دابنێنن." پەیەدە دەشڵێت " ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش دەکەین کە ئەمجۆر ئۆپەراسیۆنە لەشکریانە شەرمەزار بکەن کە دەکەوێتە چوارچێوەی پاکتاوی ڕەگەزی تورکیا دژ بە گەلی کورد و پێکهاتەکانی نێو باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا."
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەسو لایەنێک برپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام تورکیا فەرمانڕەوایانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بەشێک لە پەکەکە و مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت.