Accessibility links

رێکخراوی: WFP برسێتی لە رادەبەدەری مەدەغەشقەر پەیوەندی بە گۆڕانی کەش و هەواوە هەیە


بە پێی بەرنامەی خۆراکی جیهانی؛ چەندین ساڵە بەهۆی دیاردە سەختەکانی گۆڕانکاری کەشوهەواوە بە هەزاران کەس لە مەدەغەشقەری دوچاری برسێتی لە رادەبەدەر بونەتەوە، بەرپرسانی WFP دەڵێن ئەمە یەکەمین برسێتی لەرادەبەدەرە لە جیهاندا کە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە روویدابێت.

پێنج ساڵە لەسەر یەک وشکەساڵی کە بەهۆی باهۆزی خۆڵبارینەوە زیاتر بووە، هەروەها گەردەلوول و کولە بارین و نەبوونی ئارامی و ئاسایش پێکڕا بوونەتە هۆی ئەوەی کە بەرپرسانی WFP پێی دەڵێن هەڵکردنی گەردەلولێکی بێهاوتا.

بە پێی دواهەمین پۆلێنکردنی پێشکەوتنی ئاسایشی خۆراکی نەتەوە یەکگرتوەکان یان هەڵسەنگاندنی (ئای پی سی) بۆ دۆخی خۆراکی مەدەغەشقەر دەرکەوت کە 1.3 ملیۆن کەس دەناڵێنن بەهۆی برسێتیی لە رادەبەدەرەوە. ئەدینۆ مەنگۆنی؛ جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە مەدەغەشقەر دەڵێت "مەزندە دەکرێت 30 هەزار کەس دووچاری برسێتی لەرادەبەدەر بووبێیتنەوە."

ئەو دەڵێت "ئەمە لەبنەڕەتدا تاکە برسێتیەکی لە رادەبەدەرە، رەنگە یەکەمین برسێتی لە رادەبەدەر بێت بەهۆی گۆڕانکاری کەش و هەواوە لەسەر زەوی، ئەگەر سەیری قەیرانەکانی دیکەی خۆراکی ئێستا بکەین، لەوانە دۆخی هاوشێوەی برسێتی لە رادەبەدەر لە باشوری سودان، یەمەن و ئیتیۆپیا و بەرەو ڕووباری تیگرەی، پێکڕا هەموویان بەهۆی شەڕو ناکۆکییەکانەوە زیاتر بوون."

مەنگۆنی وتیشی: سەدان هەزار کەس خواردنی پێویستیان نییە و هەرچی ستراتیژیەکانی خۆگونجاندەنە بەکاریانهێناوە و ئەو دەڵێت زۆربەی خەڵک بەهۆی خواردنی گەڵای کاکتۆس و مێروو و کولەوە ڕزگاریان بووە، هەروەها دەشڵێت دەبوایە خەڵک 30 بۆ 40 کیلۆمەتر بە پێ بڕۆشتنایە بۆ کڕینی ئاو کە زۆر گران بوو بوو..

ئەو دەشڵێت هەندێک لەو کەسانەی کە هەموو شتێکیان فرۆشتووە، وەک زەویەکانیان، مەڕ و ماڵاتەکانیان و وە کەلوپەلی ناو ماڵەکانیان، وە گوندەکانیان بەجێ هێشتووە و لەپێناو دەستڕاگەیشتن بە هاوکاری کۆچیان کردوە بەرەو ناوەندەکانی شار.

نزیکەی نیو ملیۆن منداڵ کە تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵەوەیە زۆر خراپ دووچاری بەدخۆراکی بوونەتەوە، مەنگونی وتیشی: مەزەندە دەکرێت 110 هەزار منداڵ کە بە سەختی دووچاری بەدخۆراکی بوونەتەوە؛ پێویستیان بە خۆراکی تایبەت هەبێت بۆ ئەوەی بە زیندووی بمێننەوە.

ئەو دەڵێت: "کاتێک مرۆڤ خۆی دەکات بە ناو سەنتەری خۆراکەکە دا، دۆخەکە زۆر دڵتەزێنە، بە بێدەنگی، هیچ خۆشییەک لەئارادا نیە، منداڵەکان تەنها سەیری تۆ دەکەن، لەڕاستیدا تەنها ئێسک و پێستیان پێوە ماوە."

مەنگۆنی وتیشی لە زۆر دۆخی فریاگوزاریدا کاری کردووە؛ لەوانە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات و کۆماری ئافریکای ناوەڕاست لە دارفور ئەو هیچ منداڵێکی نەبینیوە لە دۆخێکی وەها کارەساتبار دا هاوشێوەی منداڵەکانی مەدەغەشقەر.

لە مانگی چوار دا بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) ناچار بوو بەشە خۆراک لە 700 هەزار کەس ببڕێت بەهۆی نەبوونی پارەوە. بەڵام رێکخراوەکە لە مانگی 9 دا دەستیکردەوە بە گیڕانەوەی بەشە خۆراک بۆ هەزاران کەس کە ئێجگار پێویستیان پێیەتی.

مەنگۆنی دەڵێت رێکخراوی WFP پلانی هەیە لە مانگی 12 ی ئەمساڵەوە تا مانگی 4 ی ساڵی داهاتوو بڕی خۆراک بۆ خەڵکی زیاتر دابین بکات، کە هیواخوازە بەرهەمی داهاتووی کشتوکاڵ لە مانگی 4 دا باش بێت لەپێناو پشتگیریکردنی ئەو بەرنامەیەدا، هاوکات ریکخراوی خۆراکی جیهانی دەمودەست پێویستی بە 69 ملیۆن دۆلار هەیە..

XS
SM
MD
LG