Accessibility links

بلینکن: ئەمەریکا سەرکۆنەی دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سودان لەلایەن لەشکرەوە دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەریەم سادق ئەلمەهدی وەزیری دەرەوەی سودان، سەرکۆنەی دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سوپای سودان و دەستگیرکردنی ڕێبەرە مەدەنییەکانی ئەو وڵاتەی کرد.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت ئەوان هەروەها باسیان لەوە کردووە کە چۆن ئەمەریکا دەتوانێت پشتگیری لە داواکانی گەلی سودان بکات بۆ گەڕانەوەی حکومەتی سڤیلی قۆناغی گواستنەوە.

لەوەتەی ڕۆژی دووشەممە کە سوپا دەسەڵاتی گرت بەسەر حکومەتی قۆناغی گواستنەوەدا هەزاران کەس لەو وڵاتەی ئەفریکادا ڕژانە سەر شەقامەکان و چەندین کەسیش لە پێکدادان لەگەڵ هێزە ئاسایشیەکاندا کوژراون.

نید پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بلینکن باسی لە پشتگیری واشنتن کرد بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی سیڤلی بەپێی بەندەکانی دەستووری سودان.

XS
SM
MD
LG