تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە حەوت پەنابەری سوریای دەستگیرکردووە و بەنیازە بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیانلەسەر پۆستکردنی خواردنی مۆز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆچ و کۆچبەری وڵاتەکە دەڵێت ئەو پۆستانە "وروژێنەر" بوونلەبەر ئەوەی گوایە ئەوان گاڵتەیان بەو نەهامەتیانە کردووە کە بەهۆی باری خراپی ئابوری ڕووبەڕووی زۆرێک لە تورکەکان بووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت حەوت کەس گیراون و دەگێڕدرێنەوە بۆ سوریا.
ئەو ڕووداوە بووە هۆی بەرزکردنەوەی هەستی دژە کۆچبەر لە تورکیا لە کاتێکدا شەپۆلێکی نوێی سەختی ئابوری بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و دابەزینی نرخی لیرەی تورکی هاتووەتە ئاراوە.
سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت لە ئێستادا پێنج ملیۆن پەنابەر و کۆچبەر لە تورکیا دەژین کە زۆربەیان خەڵکی سوریای بەشەڕ وێران بوون.
ئەم کێشەیە لەسەر مۆز لە کاتێکدا دەستیپێکرد کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوەو تیایدا پیاوێک لە ئەستەنبوڵ هاوار بەسەر ژنێکی گەنجی سوریاییدا دەکات و کۆچبەرەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دەڵێت " ژیانیان لە ئێمە باشترە."
لە کاتێکدا خەڵکێکی توڕە لە دەوروبەری ئەو ژنە کۆبونەتەوە پیاوەکە هاوار دەکات و دەڵێت " من ناتوانم مۆز بخۆم کەچی ئێوە بە کیلۆ لە بازاڕەکاندا دەیکڕن."
ژمارەیەکیش لە پەنابەرە سوریاییەکان هەڵمەتێکیان دژ بە جیاوازیکردن لە تورکیا بۆ ناڕەزایی دەربڕین دەستپێکرد کە تیایدا گرتەی ڤیدیۆیی خواردنی مۆزیان بڵاو دەکردەوە.
ئەم ئاڵۆزییە دوو مانگ پاش ئەوە بوو کە چەند ئاژاوەگێڕێک لە ئانکەرەی پایتەختی تورکیا هێرشیان کردە سەر دووکانەکانی پەنابەرانی سوریایی.
ئەو توندوتیژییە بەهۆی شەڕی سەر شەقام سەریهەڵدا کە دەوترێت گوایە کۆچبەرێکی سوریایی پیاوێکی تورکی بە چەقۆ کوشتووە.