Accessibility links

 ڤاکسینی دژی کۆڤید بۆ منداڵان سودەکانی زیاترە لە مەترسی 


ڕۆژی هەینی زانایانی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا ( FDA) ڕایانگەیاند مەترسی کوتانی منداڵان لە نێوان تەمەنی 5 تا 11 ساڵیدا دژی COVID-19 زۆر کەمترە لە مەترسی حاڵەتە دەگمەنەکانی هەوکردنی دڵ کە بە هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ ناسراوە.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدا دێت وا پێشبینی دەکرێت لە پانێڵێکی شارەزایاندا ڕۆژی سێشەممەدەنگ بدرێت بە پێشنیازەکەی FDA بۆ لێدانی ڤاکسینەکە بۆ ئەو گروپی تەمەنە لە مناڵان.

ئەگەر ئاژانسەکە ڕێگە بە کوتانی ڤاکسینەکە بدات لە دۆخی فریاگوزاریدا، لەوانەیە دەرزی ڤاکسینەکان لە سەرەتای مانگی 11 لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەست بێت.

کۆمیتەی ڕاوێژکاری سەربەخۆی سەر بە کۆنتڕۆڵی نەخۆشی و خۆپارێزی لە ڕۆژانی 2 و 3ی مانگی 11 دا پرسەکە تاوتوێ دەکات.

کۆمپانیا دەرمانی ئەمەریکایی فایزەر و هاوبەشەکەی بایۆنتێکی ئەڵمانی رۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە زانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە ڤاکسینی کۆڤید-19 بە ڕێژەی لە 90.7٪ سەلامەت و کاریگەرە لە ڕێگرتن لە توشبوون بە نیشانەکانی کۆرۆنا لە منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵاندا.

هەروەها دەشڵێت ئەزمونەکە لەسەر 2268 منداڵی تەمەن 5 تا 11 ساڵان تاقیکراونەتەوە کە هەریەکەیان دوو دەرزی بە رێژەی 10 ملیگرامی ڤاکسینەکەیان لێدراوە، واتە سێ لەسەر چواری رێژەی رێگەپێدراو بۆ تەمەنەکانی 12 ساڵان یان زیاتر.

بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینی پەسەندکردنی هەڵمەتی فریاگوزارییەکە؛ کۆشکی سپی ئەم هەفتەیە پلانەکانی ڕاگەیاند بۆ گەیاندنی ڕێژەی دەرزی پێویست بۆ 28 ملیۆن منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان 5 تا 11 ساڵان دایە و ئێستا لە ئەمەریکا دەژین.

هاوکات لە بەریتانیاش سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن ڕۆژی هەینی بەردەوامبوو لە ڕەتکردنەوەی ئەو بانگەشانەی کە بۆ نوێکردنەوەی گرتنەبەری رێوشێنەکانی دژی کۆڤید-19 لە ئارادایە و وتی هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەو جۆرە جموجوڵانە لە مانگی داهاتوودا پێویست بێت، سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا ژمارەی توشبوانی کۆڤید -19 لە بەریتانیا بە رادەیەک زۆر بەرزبۆتەوە.

بۆریس جۆنسۆن لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ شوێنی کوتانی ڤاکسین لە لەندەن بە پەیامنێرانی وتبوو؛ سەرباری زیادبوونی ژمارەی ئەوانەی توشی پەتاکە بوون، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو رادە پێوانەییەی کە شارەزایان پێشبینیان دەکرد.

جۆنسۆن هانی خەڵکی دا بۆ ئەوەی ڤاکسین وەربگرن ئەگەر تا ئێستاکە وەریان نەگرتووە، وە بۆ ئەو کەسانەشی کە شیاون ڤاکسینی سێیەم وەربگرن؛ حکومەتی بەریتانیا رەزامەندی نیشانداوە بۆ هەرکەسێک کە تەمەنی لە 50 ساڵ زیاترە دەتوانن دەرزی سێهەمی ڤاکسینەکە وەربگرن.

لەگەڵ ڕێژەی زیاتر لە 45000 توشبوو لە ڕۆژێکدا، کە لە 17٪ لە چاو هەفتەی پێشوودا بەرزبۆتەوە؛ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە کە بەریتانیا زۆرترین ڕێژەی رۆژانی توشبووانی نوێی لە چاو ئەوروپادا هەیە، کە تاکە ناوچەی جیهانە ژمارەی توشبوانی بە پەتاکە لە بەرزبوونەوەدا بێت.

درەنگانێکی رۆژی پێنجشەمە، سەنتەرەکانی ئەمەریکا بۆ کۆنتڕۆڵی نەخۆشی و نەهێشتنی نەخۆشیەکان، پێشنیاری دەرزی سێهەمیان بۆ ملیۆنەها کەس کرد کە ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە وەک ڤاکسینی جۆری مۆدێرنا یان جۆنسن جۆنسن، هەروەها وتبویان دەرزی سێهەم ئاساییە ئەگەر لەگەڵ دەرزییەکانی پێشووشدا هاوتا نەبن.

ڕاشێل والنسکی سەرۆکی ئاژانسی حکومەت ئەو ڕاسپاردانەی پەسەندکرد کە لە ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن لیژنەیەکی ڕاوێژکارییەوە کراوە و (CDC)ی لەسەر هەمان لاپەڕەی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان ناودێر کردووە.

جێی ئاماژەیە سێهەم ڤاکسینی فایزەر لە مانگی 9 ی ئەمساڵ دا پەسەندکرا.

سەنتەرەکانی کۆنتڕۆڵ و نەهێشتنی نەخۆشی (CDC) پێشنیاری ئەوە دەکەن؛ ئەو کەسانەی تەمەنیان 18 ساڵ یان گەورەترە کە دوو مانگ یان زیاتر لەماوەی پێشوودا یەک دانە دەرزی ڤاکسینی جۆنسن و جۆنسنیان وەرگرتووە شیاوی ئەوەن دەرزی سێهەمی ڤاکسینەکە وەربگرن.

ئەو کەسانەی کە تەمەنیان 65 ساڵ یان گەورەترن و هەر دوو دەرزی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە لە جۆری ڤاکسینی فایزەر یان مۆدێرنا ئامۆژگاری دەکرێن لە ماوەی شەش مانگ یان زیاتر لە دوای دەرزی دووەمەوە دەرزی سێهەمیش وەربگرن.

هەروەها (CDC) پێشنیاری دەرزی سێهەم دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە تەمەنیان 18 ساڵ یان گەورەتران کە لە ناوەندەکانی چاودێری درێژخایەندان و مەرجی پزیشکی پێشوەختیان هەیە و هەروەها ئەو کەسانەشی کە لە شوێنە زۆر مەترسیدارەکاندا دەژین یان کار دەکەن.

* هەندێک لە زانیاریەکانی نێو ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس، ڕۆیتەرز و فرانس پرێسەوە وەرگیراون.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG