Accessibility links

هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە کۆبانێ کوژراو و برینداری لێ دەکەوێتەوە


پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا ئۆتۆمبێلێک کە لە بەردەم دەزگای دادوەری لە شاری کۆبانێ ڕاگیرابوو کرایە ئامانج.

بەڕێوەبەرایەتی دەزگاکە لە لێدوانێکدا ئامانج و ئەنجامی هێرشەکەی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند و گوتی لە ئەنجامی ئەو هێرشە دوو کەسی سیڤیل کوژران و سیانیش بریندار بوون. لەو هێرشەدا بەکر جەرادا هاوسەرۆکی دەزگای دادوەری کۆبانێش بریندار بوو و زیانێکی زۆری داراییش گەیشتووەتە باڵەخانەکانی دەوروبەر.

ئازاد عەبدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای دادوەری هەرێمی فورات، تورکیا بەو هێرشە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت "ئەمە یەکەم جار نییە تورکیا هێرشی لەو شێوەیە بکات."

ئەو گوتیشی "ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ئارادایە بەڵام بەداخەوە تورکیا هەموو ئەو ڕێککەوتنانە پێشێل دەکات". گوتیشی پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بێدەنگ نەبێت و داوای لە ئەمەریکا و ڕووسیاش کرد " بە ئەرکی خۆیان هەستن و خەڵکی هەرێمەکە بپارێزن."

دوای شەڕی گرێسپی و سەرێکانی، هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکان کشانەوە و هێزەکانی ڕوسیاش وەک گەرەنتی ئاگربەست چوونە ناوچەکەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێرشەکان بە شێوەیەکی گشتی ڕانەوەستاون و ناوبەناو ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێنە ئامانج.

XS
SM
MD
LG