Accessibility links

فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بۆ دەنگی ئەمەریکا: سەرجەم گەنجە دەستگیرکراوەکان ئازاد کران


دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەک گەنجی کورد لە گەڕەکە کوردنیشینەکانی کەرکوک، بەهۆی ڕوودانی کێشە لەگەڵ هێزە عێراقیەکان و ڕادەستکردنی دەستگیرکراوەکان بە بنکەکانی پۆلیس، فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک، دەڵێت "سەرجەم دەستگیرکراوەکان کە ژمارەیان 36 گەنج بووە، ئەمڕۆ ئازاد کران."

هەرچەندە بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک ژمارەی دەستگیرکراوەکانی بە 36 کەس ناوبرد، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بە دەستگیرکردنی نزیکەی 70 گەنج کردبوو، کە بەهۆی ڕوودانی کێشە لەگەڵ هێزە عێراقیەکان لە ئاهەنگی لایەنگرانی پارتی دا دەستگیرکرابوون.

عەمید کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی "36 گەنج دەستگیرکرابوون، سەرجەمیان پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئازادکران."

جەختیشیکردەوە"دەستگیرکراوەکان، نانی نیوەڕۆیان لە پۆلیسی کەرکوک خواردووە و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ نێو ماڵی خۆیان."

لە ئاهەنگێکی پارتیدا، کێشە لە نێوان ژمارەیەک گەنجی کورد و هێزە عێراقیەکان دروستبوو، دوای ئەوەی ژمارەیەک گەنج بەبوتڵی ئاو هێرشیانکردبووە سەر هێزە عێراقیەکان و ئەوانیش هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان دەستپێکرد، دواتر بەرپرسانی پارتی ، کادیرانی یەکێتیان بەنانەوەی پشێوی تۆمەتبارکرد، بەرپرسانی یەکێتیش تۆمەتەکەیان ڕەتکردەوە.

XS
SM
MD
LG