Accessibility links

وردەکاری پشێوی و ئاڵۆزیەکانی شەوی ڕابردووی کەرکوک


کەرکوک

ئاهەنگ گێڕانی لایەنگرانی حیزبە کوردیەکان لە کەرکوک، سەردەکێشێت بۆ دروستبوونی پشێوی و پێکدادانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقیەکان، بەو هۆیەوە هێزە ئەمنیەکان هەڵمەتێکی دەستگیرکردن و چوونە سەر ماڵانیان لەگەڕەکە کوردیەکان دەستپێکرد و هێزێکی زۆریشیان لە گەڕەکە کوردیەکان بڵاوە پێکرد، بەڵام دوای پەیوەندی گرتنی بەرپرسانی کورد و سەرۆک وەزیرانی عێراق، خەریکە دۆخەکە هێور دەکرێتەوە.

سەرەتای کێشەکان لە ئاهەنگێڕانی لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستیانپێکرد، کاتێک بەهۆی هوتاف کێشان لە دژی هێزە عێراقیەکان و بوتڵ تێگرتن و تەقەکردن، پشێوی دروستبوو، دواتر هێزە ئەمنیەکان بەگەڕەکە کوردیەکاندا هێزێکی زۆریان بڵاوکردەوە و سەرووی 70 گەنجی کوردیشیان دەستگیرکرد.

بەرپرسانی پارتی، کادیرانی یەکێتی تۆمەتباردەکەن بەوەی خۆیان خزاندووەتە نێو لایەنگرانی پارتیەوە و گرفتیان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان دروستکردووە، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکەنەوە، پارتی تۆمەتباردەکەن بە نانەوەی پشێوی و گرفت دروستکردن.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کەرکوک، خالد شوانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، وتی "لە گەڕەکی ڕەحیماوا، لایەنگرانی پارتی ئاهەنگیان گێڕاوە و ئاهەنگەکە پشێوی تێکەوتووە، لەوکاتەدا گرفت لەنێوان گەنجانی کورد و هێزە ئەمنیەکان ڕوویداوە، بەو پاساوەوە، هێزە ئەمنیەکان باری لەناکاویان ڕاگەیاندووە و دەستیانکردووە بە ڕەشبگیری و چەندین گەنجی کوردیان دەستگیرکردووە، کە ئەمە قابیل قەبوڵ نییە."

سەرکردەکەی یەکێتی، وەڵامی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیانی پارتی دایەوە، کە کادیرانی یەکێتی بە نانەوەی ئاژاوە تۆمەتبارکردبوو، جەختیکردەوە "بەرپرسی یەکەمی پارتی لە کەرکوک خۆی بێبەری کردووە، یەکێتی تۆمەتبارکردووە، لەکاتێکدا بەڵگە و ڤیدیۆکان ڕوونن، بەڵام ئێمە وەڵامی نادەینەوە، چونکە یەکێتی خۆی بەخاوەنی کەرکوک دەزانێت و غەدر لەلایەنگرانی هیچ لایەنێک قەبوڵ ناکات، بۆیە هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ مستەفا کازمی قسەیکردووە و بەڵێنی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکەی پێداوە."

بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی هێزە ئەمنیەکان، کاتێک دەچنە سەر ماڵە کوردەکان و گەنجی کورد دەستگیردەکەن، هێندەی تر دۆخەکەی ئاڵۆزکرد، بۆیە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، بەجیا گفتووگۆی تەلەفۆنیان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا و جەختیان لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئازادکردنی گەنجە دەستگیرکراوەکان کردەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، 36 لەگەنجە دەستگیرکراوەکان، ڕادەستی بنکەیەکی پۆلیس کراون لە ناوچە کوردیەکان، هەروەها 29 کەسی تریشیان دراونەتە بنکەیەکی تری پۆلیس و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، بەڵام هەوڵەکان بۆ ئازادکردنیان چڕکراونەتەوە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەڵێنی ئازادکردنی داون.

شاخەوان عەبدوڵا کاندیدی سەرکەوتووی پارتی لە کەرکوک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کادیرانی یەکێتی تۆمەتبارکرد بە نانەوەی پشێوی لە نێو ئاهەنگێڕانی لایەنگرانی حیزبەکەی و دروستکردنی گرفت لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان، وتی "خەڵکی گێرەشێوێنی سەربە لایەنێکی سیاسی، کە تەحەمولی لەدەستدانی ژمارەیەک لە کورسیەکانیان نەکردووە، خۆیان خزاندووەتە نێو ئاهەنگ گێڕانی لایەنگرانی پارتی و چەکیان بەکارهێناوە، تا لایەنگرانی پارتی تۆمەتبار بکرێن."

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم و بەغدا لەسەر هێورکردنەوەی دۆخی کەرکوک ڕێککەوتوون، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنیەکان لە گەڕەکە کوردنیشینەکان نەکشاونەتەوە و بازگەی کاتیان داناوە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:38 0:00


XS
SM
MD
LG