Accessibility links

سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد ڕێگە دەدات بە گەڕانەوەی مامە دوورخراوەکەی بۆ سوریا


ڕۆژنامەی "الوطن" ی سەر بە حکومەتی سوریا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا ڕێگەی داوە مامە دوورخراوەکەی خۆی ڕفعەت بگەڕێتەوە بۆ سوریا.

وتیشی:"ڕفعەت ئەسەد دوێنێ گەیشتە دیمەشق بۆ ڕێگریکردن لە دەستبەسەرکردنی لە فەرەنسا دوای حوکمی دادگا و دەستبەسەرکردنی ماڵ و سامان و پارەکەی لە ئیسپانیاش."

رۆیتەرز نەیتوانی دەستبەجێ ڕاپۆرتەکە پشتڕاسبکاتەوە.

جێگری پێشووی سەرۆکی سوریا کە لە ساڵانی هەشتاکاندا ڕوویکردە تاراوگە، لە فەرەنسا ژیا و لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بوو بە تومەتی ساختەکاری لە باج و پارە سپیکردنەوەدا.

لە سەرەتای ئەمساڵدا بە چوار ساڵ زیندانی سزا درا و بەهۆی تەمەنیەوە پێناچێت حوکمەکەی بەسەردا بسەپێنن، بەڵام سزاکە ڕێگەی بۆ دەستبەسەراگرتنی هەموو موڵکەکانی لە فەرەنسادا خۆشکرد.

هەروەها پێشتر ماڵ و سامانەکەی لە ئیسپانیا بەهۆی لێکۆڵینەوە لەسەر سپیکردنەوەی پارە دەستیان بەسەردا گیرا.

ڕفعەت ئەسەد بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرپرسیارە لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینێکی ئیسلامی لە ساڵی 1982 لە دژی سەرۆک کۆماری ئەوکات حافز ئەسەدی باوکی بەشار. هەزاران کەسی تیادا کوژرا.

دوای هەوڵی کودەتای شکستخواردوو لە دژی حافز ئەسەد لە ساڵی 1984دا سوریای بەجێهێشت.

بەپێی سەرچاوەکانی راپۆرتەکەی "الوطن" باس لەوە کراوە کە هیچ ڕۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نابێت.

XS
SM
MD
LG