Accessibility links

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ڕێگای دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە 


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە، 7ی ئەم مانگە جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا بەردەوام لەو بڕوایەدایە کە ڕێگای دیپلۆماسی پەیوەست بە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە و هیوای خواست تاران دەستبەجێ بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆکانی ڤیەننا.

نێد پرایس لە دانیشتنی راگەیاندنی رۆژانەی خۆیدا گوتی لەم چەند هەفتەیەی دواییدا چەندین جار لە بەرپرسانی ئێرانەوە بیستومانە کە دەڵێن دەستبەجێ دەگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکانی زیندوو کردنەوەی ڕێککەوتنەکە، بەڵام هیوادارین پێناسەی ئەوان بۆ دەستبەجێ هەمان ئەو پێناسەیەیە بێت کە ئێمە هەمانە".

ئەو گوتیشی "ئێمە دەمانەوێت بەزووترین کات دانوستانەکان لە ڤیەننا دەستپێبکەینەوە و ئەم قسەیەمان نەوەک چەند هەفتەیە، بەڵکو چەند مانگێکە دەیڵێن و ئێمە پێمان وایە گرنگە هەموو لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە و بەردەوام بن لە دانوستانەکان لەو شوێنەی کە پچراوە." و "دەڵێت هەرچۆنێک بێت ئەمە پڕۆسەیەک نییە کە بتوانێت بۆ هەتاهەتایە بەردەوام بێت و گەڕانەوەی دەستبەجێ بۆ مێزی گفتوگۆ پێویستە."

حکومەتی ئیبراهیم ڕائیسی ڕایگەیاند کە پێداچوونەوە بە دانوستانەکانی حکومەتی پێشوو دەکات و دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان ئەنجام بدرێت دەگەڕێتەوە بۆ ڤییەنا و ئەمەریکاش دەڵێت ئەگەر درەنگ بێت، گەڕانەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە لەوانەیە چیدی ئەو سوودانەی نەبێت کە تێیدا ڕچاو کرابوون.

XS
SM
MD
LG