هەر ماوەیەکی کەم دوابەدوای ڕوخانی حکومەتی ئەفغانستان لە مانگی هەشتدا بە قازانجی تاڵیبان، حکومەتی کەنەدا ڕایگەیاند لە سەرەتادا 40 هەزار پەنابەر وەردەگرێت.
نیشتەجێکردنەوە لە نێو نائارامیەکانی ئەفغانستان و ترۆپکی بەرزبونەوەی شەپۆلی چوارهەمی پەتای کۆڤید-19 لە کەنەدا دەستیپێکرد و یەکەمین گروپی پەنابەران گەیشتنە خاکی کەنەدا و دەمودەست بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لە یەکێک لە پێنج ئوتێلەکانی تۆرنتۆ کەرەنتینە کران. ئەوان دواتر ڤاکسینی دژە کوڤید-19 یان وەرگرت و ئەوان ئێستا لە ناوچە جیاوازەکانی کەنەدا نیشتەجێ کرانەوە.
"کریس فریسن" گەورە بەرپرسی پڕۆسەکان لە کۆمەڵەی خزمەتگوزاری کۆچبەران لە بریتیش کۆڵۆمبیا کە دەزگایەکە لەلایەن حکومەتەوە کۆمەک دەکرێت، 30 ساڵی بەسەربردووە بۆ یارمەتیدانی کۆچبەران و پەنابەران لە کەنەدا و دەڵێت یارمەتیدانی پەنابەرانی ئەفغانی جۆرێکی ناوازەیە.
ئەو دەڵێت "جیاوازی گواستنەوەی ئەفغانیەکان و گواستنەوەکانی دیکە ئەو ڕاستیەیە کە کەنەدییەکان بەتایبەتی لە هێزە چەکدارەکاندا چەندین ساڵیان لە ئەفغانستان بەسەربردووە" وتیشی:"پەیوەندییەکی تایبەتی هەبووە لەگەڵ ئەفغانی و ئەفغانستاندا، زۆربەی پەنابەرانی ئەفغانی بە خێرایی گوازراونەتەوەو موڵک و ماڵیان بە جێهێشتووە، کە ئەمەش کۆمەڵەیەک ئاستەنگی بێ وێنەی بۆ دووبارە نیشتەجێکردنەوەیان دروستکردووە. بەپێی قسەکانی ئەو: هیچ کام لە مامەڵە ئاساییەکانیان بەر لە گەیشتنیان بە کەنەدا تەواو نەبوون."
لە کاتی کەرەنتینەکردنیاندا لە تۆرنتۆ، کۆمپویتەرو لاپتۆپ و تابلێتیان بۆ ئامادەکرابوو بۆئەوەی فەرمانبەرانی کاروباری کۆچبەرانی کەنەدی وانەی ئینگلیزی و بەرنامەی ئۆنلاین بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن بۆ ئەوەی دەستیان ڕابگات بە خوێندن.
لەنێو ئاوارەکاندا عەبدول لە ئێستادا لەگەڵ خێزانەکەی دا لە ڤانکۆڤەرن و ناوی تەواوەتی خۆی بەکار ناهێنێت بۆ پاراستنی کەسوکارەکەی کە هێشتا لە ئەفغانستانن.
عەبدول لە ئەمریکا برایەکی هەیە بەڵام دەیویست بە هۆی پەیوەندیەکانی پێشووی لەگەڵ کەنەدیەکاندا بێت بۆ کەنەدا.
عەبدول زیاتر لە 45 ساڵی تەمەنی لە ئەفغانستان بەسەر بردووە و لە کابۆل کاری ڕۆژنامەوانی کردوە، ئەو زیاتر لە 20 ساڵ لە میدیاکانی ئەفغانی و ئەمریکی کاری کردووە و بە هۆی پیشەکەیەوە ئەو مەترسیانەی بینیوە کە چۆن تاڵیبان مامەڵەیان لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان کردووە.
عەبدول بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند "وابزانم ژیانم لە مەترسیدا بوو؛ نەک تەنیا ژیانی خۆم، بەڵکو بەهۆی منەوە ژیانی خێزانەکەشم لە مەترسیدا بوو. بۆیە من زۆر زۆر هەوڵم دەدا بڕۆم، چونکە راستەوخۆ لەبەردەم مەترسیدا بووم، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە حکومەت هەبوو؛ کە حکومەتی پێشوو لەسەر حوکم بوو؛ من (هەستم بە هەڕەشە دەکرد)."
عەبدول لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانیدا گەیشتەنە کەنەدا، تەمەنی مناڵەکانی لەنێوان تەمەنی خوێندنی سەرەتایی تا زانکۆ دان، هیواخوازە ڕۆژێک لە رۆژان یارمەتی دایکی بدات و کۆچ بکات بۆ ئێرە. ئەو وتیشی خۆی و هاوسەرەکەی چەند خولێکی زمانی ئینگلیزی و چەند کلاسێکی دیکەیان وەرگرتووە و کار بۆ ئەوە دەکەن ببنە هاوڵاتی کەنەدی.
عەبدول، وتیشی:"خێزانەکەم لێرە سەلامەتن و بۆ من زۆر گرنگە کە داهاتوی منداڵەکانم بە جۆرێک دیاری بکرێت" "ئینشائەڵا ئەوان دەچنە قوتابخانە و پاشان دەچنە کۆلێژ، (هەندێکیان) لە زانکۆی ئەفغانستان بوون."
سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا