Accessibility links

دوازدە وڵات پشتیوانی لە هەوڵەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عێراق دەکەن


وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵاتانی جیهان ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاو کردەوە و تیایدا هیوایان خواست ئەم هەڵبژاردنە سەرکەوتووبێت و بە شێوەیەکی پاک و بێگەر بەڕێوە بچێت تا لە ئەنجامدا بتوانرێت داخوازییەکانی خەڵکی عێراق بێنەدی.

لە ڕاگەیاندنەکەی کە ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەو وڵاتانەی کە بریتین لە ئەمەریکا، بەریتانیا، کەنەدا، دانیمارک، فینلەندا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا، نیوزیلاند، نەرویژ و سوید، نوسراو وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە پێشوازی لە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی دەی مانگی دە.

لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە دەرفەتێکە بۆ عێراقییەکان تا بە شێوەیەکی دیموکراسیانە ئایندەی خۆیان دەستنیشان بکەن.

ئەوان دەڵێن " ئێمە درک بە گرنگی ئەم ساتە لە مێژووی عێڕاقدا دەکەین. بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵکی عێراق کارێکی زۆر کراوە بۆ پشتیوانی کردن لە ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە بە شێوەیەکی ئازاد و پاک و بێگەرد."

ئاماژەش بەوە کراوە کە لە مانگی پێنجی ساڵی 2020 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شاندی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاسپارد بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا. کەئەوەش بە گەورەترین ڕاسپاردنی لە جۆرە لە جیهاندا دادەنرێت، کە ژمارەی فەرمانبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێنج هێندەی ساڵی 2018 بۆ ئەم مەبەستە زیادی کردووە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 عێراقییەکان کۆکبوون لەسەر بیرۆکەی ئەوەی چاودێری نێودەوڵەتی مەرجێکی سەرەکیبێت بۆ ڕەوایەتی هەڵبژاردنەکان. لەسەر بنەمای ئەمە حکومەتی عێراق داوایەکی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشکەشکرد. لە 27 ی مانگی پێنجی 2021 ئەنجومەنی ئاسایش بە تێکڕای دەنگ بڕیاری ژمارە 2576 ی پەسەند کرد کە ڕێگە دەدات بە پێکهێنانی تیمێکی سەر بە شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

لە 21 ی مانگی شەشی ئەم ساڵ یەکێتی ئەوروپاش ڕایگەیاند کە شاندێکی جودای خۆی بۆ چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند کە لە ژمارەیەکی زۆری شارەزای ئەوروپا پێکهاتوون.

هەردوو شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا چاودێرانی خۆیان بڵاو کردووەتەوە.

ئەم شاندانە هەوڵێکی نێودەوڵەتییە بۆ جێبەجێکردنی داواکاری عێراقییەکان بە ئامانجی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

وەزیرانی دەرەوەی ئەم وڵاتانە لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەیاندا دەڵێن خەڵکی عێراق ئێستا هەلێکی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بدەن و ئێمەش پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ بەدیهێنانی مسۆگەرکرنی ژینگەیەکی هەڵبژاردنی ئارام، ئازاد، ڕەوا، دادپەروەرانە و گشتگیر بۆ هەمو عێراقیەکان بە ژنان و گەنجانیشەوە، ئەوانەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ڕووبەڕووی توندوتیژی و تۆقاندن بوونەتەوە لە هەوڵەکانیاندا بۆ بەدیهێنانی چاکسازی.

هەروەها دەشڵێن پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەت دەکەین بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریکردنی ئاوارەکانی ناوخۆ بە شێوەیەکی پارێزراو بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و ئێمەش داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ڕێز لە سەروەری یاسا و پاک و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بگرن.

XS
SM
MD
LG