وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند دوابەدوای ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات (میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب) ئەنجام درا، هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە 10ی ئەم مانگەوە دەتوانن بە بێ ئەوەی پێویستیان بە ڤیزا بێت،سەردانی ئیمارات بکەن.
ئورشەلیم پۆست ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ئایڵێت شەیکد، وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل ئەم هەواڵەی لە سەردانێکیدا بۆ ئیمارات ڕاگەیاندوە و بەو پێیەش گەشتیارانی ئیسرائیلی و ئەوانەی بۆ بازرگانی دەچنە ناو ئیماراتەوە پێویستیان بە ڤیزا نابێت.
بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەو گەشتیارانەی لەئیسرائیلەوە بۆ خوێندن، کارکردن، هۆکاری ئاینی، یان چالاکی خۆبەخشانە دەڕۆن بۆ ئیمارات، هێشتا دەبێت داوای ڤیزا بکەن.
ڕاپۆرتەکە هەروەها دەشڵێت ئەگەر ڕێژەی کۆڤید-19 لە ئیمارات دابەزێت، ئەوا ئیسرائیلیش بە نیازە ڕێگە بدات بەو گەشتیارانەی ئیمارات کە ڤاکسینی کۆڤیدیان وەرگرتووە لە کۆتایی ئەم مانگەوە بتوانن بۆ ئیسرائیل گەشت بکەن.
بەپێی یاساکانی تەندروستی ئیسرائیل، ئەو هاووڵاتیانەی کە سێ ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە، چیتر پێویستیان بە خۆ کەرەنینکردننییە و تەنیا کاتێک لە هەندێ وڵات، لەوانە کاتێک لە ئیمارات دەگەڕێنەوە دەبێت پشکنین و تاقیکردنەوەی کۆڤیدیان بۆ بکرێت.
هەردوو وڵاتی ئیمارات و ئیسرائیل لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ڕێکەوتنی ئەوەیان کرد کە گەشتیارانی هەردوو وڵات بە بێ ڤیزا بتوانن هاتوچۆی وڵاتی یەکتر بکەن، بەڵام بەهۆی یاسا و ڕێساکانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دواخرا.