Accessibility links

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی ڕووبەڕووی قەیرانی بودجە دەبێتەوە


ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی فەلەستینی ڕووبەڕووی قەیرانی بودجەی " ڕاستەقینە" دەبێتەوە و سەرۆکی ئاژانسەکە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند داوای بودجەی دەستبەجێی 120 ملیۆن دۆلار دەکەن بۆ پەروەردەی پێویست، خزمەتگوزاری تەندروستی وخزمەتگوزارییەکانی تر.

فلیپ لازارینی بە گروپێکی بچوکی پەیامنێرانی ڕاگەیاند"ئێمە کێشەمان هەیە و بەدوای پارەدا ڕادەکەین."

ئەو گوتیشی " بارودۆخی دارایی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی مانەوەیە بۆسەر ڕێکخراوەکە و پێویستە ئەمە بەکەم وەرنەگیرێت چونکە ڕەنگە وا بکات ڕێکخراوەکە خزمەتگوزارییەکانی کەم بکاتەوە." گوتیشی ئەگەر ئەمەش رووبدات ئەوا " ئێمە دەکەوینە بەردەم مەترسی ڕووخان زۆر بە خێرایی."

لازارینی ڕوونیکردەوە ئەوەی دەکەوێتە مەترسییەوە تواناکانی ئەو ئاژانسەیە بۆ ناردنی 550 هەزار منداڵ بۆ قوتابخانە، دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروست بۆ هەزاران کەس و دابین کردنی مووچەی مانگی 11 و 12 بۆ 28 هەزار لە کارمەندانی ئاژانسەکە.

ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری و کارکردن کە بە UNRWA ناسراوە بە مەبەستی دابینکردنی پەروەردە، خزمەتگوزاری تەندروستی، خۆراک و خزمەتگوزارییەکانی تر بۆ 700 هەزار فەلەستینی کە هەڵاتوون یان ناچارکراون ماڵەکانی خۆیان بەجێبهێڵن دامەزراوە.

XS
SM
MD
LG