Accessibility links

نەفتالی بێنێت دەڵێت ئامانجی ئاشکرای کۆماری ئیسلامی زاڵبوونییەتی بەسەر ناوچەکەدا لەژێر چەتری ناوکیدا


سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریدا لە نیازی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ 'زاڵبوون بەسەر ناوچەکەدا' لەژێر 'چەتری ناوەکیدا' و گوتی ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستپێدەکات، هەر بەوە ناوەستێت.

نەفتالی بێنێت ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە 27ی ئەم مانگە لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک قسەی کرد و گوتی "ئیسرائیل فانوسێکە لە دەریایەکی تۆفانیدا و چرایەکیشە بۆ دیموکراسی کە بە سروشتێکی نوێخوازەوە، لەگەڵ ئەوەدا کە لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدایە، بەڵام تینویی هاوکارییە لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە و گوتی "ئێمە نەتەوەیەکی دێرینین کە گەڕاینەوە سەر خاکی دێرینمان و زمانی دێرینمان زیندوو کردەوە و سەروەری دێرینی خۆمانمان بەدەستهێنا و ئیسرائیل موعجیزەی بوژانەوەی جولەکەیە".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی"ئێمە ئیسرائیلیەکان وەک هەموو کەس دەمانەوێت ژیانێکی باشمان هەبێت و چاودێری خێزانەکانمان بکەین و جیهانێکی باشتر بۆ منداڵەکانمان دروست بکەین و ئەوەش بەو مانایەیە کە ڕەنگە هەندێ جار پێویست بکات واز لە کارەکانمان بهێنین و ماڵئاوایی لە خێزانەکانمان بکەین بۆ ئەوەی بڕوەین و بەرگری لە وڵاتەکەمان بکەین".

نەفتالی بێنێت گوتیشی "ئێمە ناتوانین چاو داخەین بەسەر ئەوەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات و ئیسرائیل لە لایەن حزبوڵڵا و میلیشیا شیعەکان و جیهادی ئیسلامی و حەماسەوە لە سنورەکانماندا گەمارۆ دراوە و ئەو گروپە تیرۆریستیانە دەیانەوێت بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بن و ئیسلامی ڕادیکاڵ بەسەر هەموو جیهاندا بسەپێنن."

بەڕێز بێنێت گوتیشی "خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو ئەوانە ئەوەیە کە هەموو دەیانەوێت وڵاتەکەمان تێکبشکێنن و هەمووشیان لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن.

ئێران لە ڕووی دارایی و چەکەوە دابینیان دەکات و مەشقیان پێ دەکات. ئامانجی سەرەکی ئێران بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت چاوەکانی بکاتەوە روونە و ئێران بەدوای زاڵبوونە بەسەر ناوچەکەدا و دەیەوێت لەژێر چەتری ناوکیدا ئەو کارە بکات".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی " ئێران لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا داگیرکاری و وێرانکاریی خۆی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان کردووە، وەک ئەوەی لە لوبنان، عێراق، سوریا، یەمەن، غەزە دەیانبینین و خاڵی هاوبەشەی هەمووشیان ئەوەیە کە هەموویان خەریکن وێران دەبن و هاوڵاتییانیان برسیانە و ئازاریان هەیە و ئابوورییەکەیان ڕووخاوە."

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە هەڕەشەکانی تیرۆریزمی ئێران تەنیا تایبەت بە ئیسرائیل نییە، گوتی "هەر ئەمساڵ ئێران یەکەیەکی تیرۆریستی کوشندەی نوێی دەستپێکرد، ئەویش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کوشندەن کە بە چەکی کوشندەوە کە لە هەرکاتێکدا بییەوەێت دەتوانێت هێرش بکاتە سەر هەر شوێنێک کە دەیەوێت."

ئەو گوتی کە "ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کوشندەی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر سعودیە و بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و کەشتییە مەدەنییەکان لە دەریادا و لە نوێترین حاڵەتیشدا بوو بە هۆی کوشتنی هاوڵاتییەکی بەریتانیایی و هاولاتییەکی ڕۆمانیایی."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانی گوت "ئێوە دەتوانن ئەم کردەوانەی ئێران پشتگوێ بخەن، بەڵام ئەزموون پێمان دەڵێت ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستپێدەکات بەوە ناوەستێت".

بەڕێز بێنێت سەبارەت بە پێشینەی ئیبراهیم ڕەئیسی گوتی ئێران لەساڵی 1988دا لیژنەیەکی مەرگی پێکهێناوە، کۆمیسیۆنێک کە فەرمانی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی 5 هەزار چالاکوانی سیاسی دەرکرد و لە سێدارەی دان.

ئەو گوتی "ئەو کۆمسیۆنە لە چوار کەس پێکهاتبوو کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی نوێی ئێران یەکێک بووە لەو چوارکەسە و هەروەها ڕەئیسی چاودێری کوشتنی منداڵانی ئێرانی کردوە و نازناوەکەشی لە تاران 'خوێنڕێژ' بووە، چونکە ئەو ڕێک ئەو کارەی کردووە و خەڵکەکەی خۆی سەربڕێوە".

نەفتالی بێنێت ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێش ئەوەی بچێتە نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە 76هەمین دانیشتنی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند و گوتی " لە وتارەکەی ئەمساڵیدا دەنگی ئیسرائیلییەکان دەبێت".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل بە پێوەری ئەوانی دیکە و هەروەها فەلەستینییەکان و ئێرانیش خۆی ناپێوێنێت وگوتی "ئامۆژگاری من بۆ سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە ئەوەیە کە بیر لە خەڵکەکەی خۆیان بکەنەوە و باری ژیانیان باشتر بکەن و خەون و خەیاڵیان لەسەر ئیسرائیل ڕابگرن".

XS
SM
MD
LG