Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانن بۆ گەڕانەوەیان بۆ وتووێژەکانی ڤیەننا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئێوارەی پێنجشەممە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە وتووێژەکانی ناوکی لەگەڵ ئێراندا گوتی ئێمە بە تەواوی ئامادەی گەڕانەوەین بۆ ڤیەننا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئێران ئێراندا ڕێککەنەکەوتوون بۆ گەڕانەوە بۆ وتووێژەکان.

ئەنتۆنی بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد لەسەر دوایین دۆخی دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران و گوتی "ڕۆبێرت ماڵی نوێنەری تایبەتی ئێمە بۆ کاروباری ئێران چەند ڕۆژێکی زۆر بەسودی لە نیویۆرک هەبوو و ئێستاش گەڕاوەتەوە بۆ واشنتن". ئەو هەروەها گوتیشی "ئێمە هێشتا لەگەڵ ئێراندا هیچ رێککەوتنێکمان نەکردووە بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ ناوەکییەکان و ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ گەڕانەوە بۆ ڤییەنا و بەردەوام بوون لە دانوستانەکان، بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئایا ئێران ئامادەیە بۆ ئەو کارە و ئەگەر ئامادەیە کەی دەیەوێت بگەڕێتەوە. ئێمە زۆر ڕاستگۆیانە دیپلۆماسیەتێکی مانادارمان گرتووەتەبەر بۆ گەڕانەوە و پابەندبوونێکی دوولایەنە بە رێککەوتنەکە و خستنە بەرباسی ئەو کێشانەی کە جێگای نیگەرانی ئێمە و وڵاتانی ترن."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی "ئێمە هێشتا باوەڕمان وایە کە گەڕانەوەیەکی دوو لایەنە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانمان لە بەرژەوەندی ئێمەدایە و باشترین بژاردەی بەردەستیشە بۆ ئەوەی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران سنوردار بکەین و چوارچێوەیەک دابین بکەین کە بتوانین گفتوگۆ لەسەر چالاکییە تێکدەرەکانی تری ئەو وڵاتە بکەین."

بەڕێز بلینکن گوتی "وەک چەند جارێک لەم دواییانەدا ئاماژەم پێکردوە، خواستی ئەمەریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە بۆ هەتاهەتایی نییە و کێشەی ئێستاش ئەوەیە کە ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوامە لەو چالاکییانەی کە لەدەرەوەی پابەندبوونیان بە ڕێککەوتنەکەوەیە، بەتایبەتی بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ نزیکەی 20٪ یان تەنانەت 60٪ و خولانەوەی خێراتری سەنتریفوجەکان." گوتیشی "ئێمە لە داهاتوودا دەگەینە ئاستێک کە گەڕانەوەیەکی دوولایەنە بۆ ڕێککەوتنەکە، چیتر قازانجەکانی ئەو ڕێککەوتنە دەستەبەر ناکات، چوونکە ئێران لە بەرنامەکەیدا پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بە گەڕانەوە بۆ ئەو رێککەوتنە، پێشکەوتنەکانی بەرەو دوا ناگەڕێنەوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی "ئەمە شتێکە هاوپەیمانەکانمانیشمان دەیزانن و لەگەڵیدا هاوڕان و پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئێران ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆکان کە ئێمە چاوەڕێی وەڵامێکین لەو بارەیەوە."

ئەمەریکا و ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ شەش خولی دانوستاندیان لە ڤییەنا هەبووە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 و هەر شەش خولەکەش لە ژێر دەسەڵاتی پێشووی ئێراندا بەڕێوەچووە. حکومەتی نوێێ ئێران کە ئیبراهیم ڕائیسی سەرۆکایەتی دەکات، هێشتا بڕیارێکی دیاریکراوی لەبارەی گەڕانەوەی بۆ گفتوگۆکان ڕانەگەیاندوە.

XS
SM
MD
LG