Accessibility links

نوێنەری حکومەتی پێشوی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە لە پۆستەکەی خۆیدا بمێنێتەوە


وتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە نوێنەری حکومەتی پێشوی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتوەکان داوای کردووە لە پۆستەکەی خۆیدا لە رێکخراوی جیهانی لە نیویۆرک بمێنێتەوە و بەرنگاری هەوڵەکانی تالیبان ببێتەوە گەر بیانەوێت نوێنەرێکی خۆیان دەستنیشان بکەن.

فەرحان حەق، وتەبێژی گۆتیرێش گوتی باڵیۆز غۆلام ئێسحاقزای نامەیەکی ناردووە بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تیایدا لیستی شاندی ئەفغانستان بۆ ئەنجومەنی گشتی خستوەتە ڕوو.

هێشتا ڕوون نییە تاڵیبان کە مانگی ڕابردوو دوبارە لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتوەتەوە، ئایا نێردراوی خۆیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشان دەکات یان نە؟!

حەق گوتی ئێسحاقزای ڕۆژی چوارشەممە داواکەی خۆی ناردووە، واتە ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی دانیشتنی نوێی ئەنجومەنی گشتی.

دەیان سەرکردەی جیهان هەفتەی داهاتوو بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان گەشت دەکەن بۆ نیویۆرک و تاکو ئیستاش وابڕیارە ئێسحاقزای ڕۆژی کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەکاتە 27ی مانگی 9، وتاری خۆی پێشکەش بکات.

متمانەپێدانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن لیژنەیەکی نۆ ئەندامییەوە کە ساڵانە دیاری دەکرێت، بەڕێوەدەچێت. لیژنەکە کە لە ڕۆژی سێشەممە دەستنیشان کراوە لە بەهاما، بۆتان، چیلی، چین، نامیبیا، ڕوسیا، سیەرالیۆن ، سوید و ئەمەریکا پێکهاتووە.

لیژنەکە بە شێوەیەکی نەریتی لە مانگی 9 یان 10 کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی بڕواپێدانی هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێش ئەوەی ڕاپۆرتێک پێشکەش بکات بۆ پەسەندکردنی ئەنجومەنی گشتی پێش کۆتایی ساڵ.

دیپلۆماتەکان دەڵێن کە زۆربەی کات لیژنەکە و ئەنجومەنی گشتی پێکەوە و بە کۆدەنگی لەسەر بڕواپێدانەکان کار دەکەن.

بەپێی یاساکانی ئەنجومەنی گشتی تا ئەو کاتەی بڕیارێک بدرێت ئێسحاقزای لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.

دواین جار کە تاڵیبان لە نێوان ساڵانی 1996 بۆ 2001، لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتبوە دەست، دوای ئەوەی لیژنەی متمانەپێدان لە بڕیاردانی خۆیدا سەبارەت بەوەی چ لایەنێک ماڤی ئەوەی هەیە ببێتە نوێنەری ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتوەکان،نێردراوی حکومەتی ئەفغانستان وەک خۆی لە شوێنی خۆی مایەوە.

گۆتێرێش مانگی ڕابردوو گوتی کە خواستی تاڵیبان بۆ ئەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانیپێدابنێت، تەنیا ئەو کات دەستەبەر دەبێت کە ئەو گرووپە حکومەتێکی گشتگیر پێکبهێنت و ڕێز لە مافەکان بەتایبەتی مافی ژنان بگرێت لە ئەفغانستاندا.

XS
SM
MD
LG