Accessibility links

کۆمپانیای فایزەر تاوووتوێی دەزری سێهەمی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا دەکات


ئەو پێداچونەوەیەی لە رۆژی چوارشەمەدا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی خۆراک و دەرمان لە ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت دەرزی سێهەمی ڤاکسینی فایزەر کە لەدوو بەش پێکهاتووە، تواناییەکانی بەرگری جەستەی مرۆڤ دژ بە کۆڤید 19 بەهێزتر دەکات، بەڵام وتوشییەتی، ڤاکسینەکەی کە بە دووبەش وەرگیراوە، بەتەواوەتی خەڵکی لەپەتاکە پاراستووە.

بەڕێوبەرایەتی خۆراک و دەرمان لە ئەمەریکا تاووتوێی داواکارییەکەی کۆمپانیای فایزەر دەکات، بۆ پێدانی دەرزی سێهەمی ڤاکسینەکەی، کە کۆمپانیاکە دەڵێت پێویست دەبێت بۆ بەهێزکردنەوەی جەستەی مرۆڤ دژ بە ڤایرۆسەکە کاتێک شەش بۆ هەشت مانگ پاش وەرگرتنی بەشی دووهەمی ڤاکسینەکە بەرگری لەش کەمتر دەبێتەوە. لەلای خۆشییەوە کۆمپانیای فایزەر لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بەحکومەت پێشکەش کردووەو پێشنیاری وەرگرتنی دەرزی سێهەمی ڤاکسینەکەی خستووەتە ڕوو کە بەپێی ئەزمونەکانی ئەوان کردویانە دەرزی سێهەمیان لە 300 کەس داوە و بینراوە کە ئاستی بەرگری لەشیان سێ بۆ پێنج ئەوەندە زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە دوو بەشی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

کۆمپانیای فایزەر ئاماژەی بەتوێژینەوەیەکی ئیسرائیل کردووە کە ڕۆژی چوار شەممە لەگۆڤاری پزیشکی نیوئینگلاندا بڵاوبووەتەوە کە نیشانی داوە رێژەی هەوکردن 11 جار کەمتر بووە، لە نێوان ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە شەست ساڵ بەرەو سەرەوەیەو سێهەم دەرزی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە. لەو توێژینەوەیەشدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەشداری تێدا کردووە.

فایزەر داوای مۆڵەتی کردووە بۆ لێدانی ڤاکسینی سێهەم لەکاتێکدا جۆری ڤایرۆسی دێڵتای کۆڤید 19 بەشێوەیەکی بەرچاو لەهەڵکشاندایەو لەهەمان کاتیشدا مانەوە لە نەخۆشخانەکان زیادی کردووە و رێژەی تووشبوان و مردنیش لە جیهاندا لەهەڵکشاندایە.

لەلای خۆشییەوە ئێف دی ئەی لەپێداچونەوەکەیدا وتویەتی کە لێکۆڵینەوەکانی خۆیان سەبارەت بەو ڤاکسینانەی رێگەیان پێدراوە دەری خستووە کە هێشتا توانای پاراستنیان هەیە لەدژی نەخۆشی قورسی کۆڤید 19 و رێژەی مردنیش لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

وابڕیارە رۆژی هەینی لیژنەی راوێژکاری ڤاکسین و رێکخەری دەرمانی حکومەتی ئەمەریکا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی ئایا پێویستە ئاژانسەکە داواکەی فایزەر پەسەند بکات یاخود نا. وتوشیانە راسپاردەی لیژنەکەش کۆتا بڕیار نابێت، واتا ئێف دی ئەی دەتوانێ سێهەم ڤاکسینی فایزەر پەسەند بکات، تەنانەت ئەگەر لیژنەکەش پێشنیاریان نەکردبێت.

هەردوو ئێف دی ئەی و سەنتەرەکانی کۆنتڕۆڵ کردن و رێگەگرتن لەنەخۆشییەکان، مانگی رابردوو داوایان کردووە لەفایزەرو مۆدێرنە کە ژەمی سێهەم بەکاربهێنن بۆ هەندێک حاڵەت کەئاستی بەرگری لەشی نەخۆشەکان لە ئاستێکی نزمدابووە.

شایەنی باسە ئەم کۆبوونەوەیەش لەدووای ئەوە دێت کە گروپێکی نێو دەوڵەتی شارەزای ڤاکسین، وتارێکیان لەگۆڤاری پزیشکی لانست بڵاوکردووەتەوە کەداوای ڤاکسینی سێهەمیان کردووە بۆ دانیشتوان بەگشتی.

XS
SM
MD
LG