Accessibility links

پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی ئیدلب بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاودەبێتەوە


بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادیکردوە لە مانگی ڕابردووەوە لە باکوری هەرێمی ئیدلب بەپێی لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی دەسەڵاتداران.

ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی سەرهەڵداوانی سوریاییدایە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە پێشتر لەمساڵدا بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و توشبوون بەم پەتایە جێگیر بوو و ڕۆژانە کەمتر لە 100 کەس توشدەبوون، بەڵام وەک کاربەدەستانی خۆجێیی بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، لەوەتای ناوەڕاستی مانگی 8ەوە جارێکی تر ژمارەی توشبوون بەم پەتایە زیادی کردۆتەوە.

ڕۆژی 6ی مانگی 9 زیاتر لە 1500 توشبووی نوێ لە یەک ڕۆژدا تۆمارکراون لە سەرانسەری هەرێمی ئیدلب، هاوسنوری تورکیا.

زیاتر لە 3 ملیۆن کەس لەو ناوچەیەدا دەژین.

دکتۆر حوسام قەرە موحەمەد، پزیشکی بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەڵێت "شەپۆلێکی لەناکاوی قورسی بڵاوبوونەوەی پەتاکە هەیە."

دکتۆر موحەمەد، لە بەشی تەندروستی ئەو ناوچەیەشدا کار دەکات کە لەژێر دەستی هەیئەتی تەحریری شامدایە، دەڵێت "زۆربەی توشبووە نوێیەکان هەڵگری ڤایرۆسی جۆری دێلتان."

بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆرۆنا، پاش 2 هەفتە دێت لە مۆڵەتپێدانی ئاوارە و پەنابەرە سوریاییەکانی لە تورکیان تا یەک جار سەردانی کەسوکاریان بکەن لە ناوچەی ئیدلب هاوکاتی جەژی قوربانی ڕابردوو.

تورکیا پێگە و کاریگەرییەکی زۆری هەیە بەسەر هەرێمی ئیدلب و بەسەر ئەو لایەنانەی کۆنترۆڵی ناوچەکانیان کردووە بە هەیئەی تەحریری شامەوە.

هەیئەی تەحریری شام، ڕێکخراوێکە سەرکردەکانی پێشووی ڕێکخراوی ئەلقاعیدەی لقی سوریای تیادان.

دکتۆر موحەمەد دەڵێت "سیستەمی تەندروستی گەیشتۆتە ئاستی تێکشکان و تەواوی ئەو جێگەیانەی لە نێوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا هەن، پڕبوون لە توشبووان بە پەتاکە."

لەوتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە؛ 877 کەس لە هەرێمی ئیدلب گیانیان لەدەستداوە بە کۆرۆنا، بەڵام کۆکردنەوەی زانیارییەکان و هەڵمەتەکانیش بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا تەگەرەیان لەبەردەمدان بەهۆی ڕەوشی مرۆیی و هەروەهاش بەهۆی بەردەوامی قەیرانی سوریاوە.

XS
SM
MD
LG