میدیاکانی دەوڵەتی سوریا ڕایانگەیاند، کە ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینیداهێرشی موشەکی بۆ سەر چەند ئامانجێک لە نزیک دیمەشق ئەنجامداوە و بەهۆیەوە بەرگری ئاسمانی سوریا تەقەیان لێکردوون و هیچ زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، لەکاتێکدا ئەمە دووهەم هێرشی لەو جۆرەیە لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا ئەنجامبدرێت.
سوپای ئیسرائیل ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر راپۆرتەکە بدات.
میدیا فەرمییەکان لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازی سوریاوە باس لەوەدەکەن کە بەرگری ئاسمانی سوریا زۆربەی موشەکەکانی ئیسرائیلیان خستۆتەخوارەوە و تەنها زیانی ماددی لێکەتۆتەوە، کە لەدوای نیوەی شەوەوە هێرشەکە ئەنجامدراوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە موشەکێک لە خاکی سوریاوە بەرەو ئاسمانی ئیسرائیل ئاڕاستەکراوە؛ بەڵام هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل موشەکەکایان لەسەر دەریای ناوەڕاست تەقاندۆتەوە و دانیشتوانی ناوەندی ئیسرائیلیش چەندین پارچەی موشەکەکایان لەسەر زەوی دۆزیوەتەوە.