Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەفغانستان و دەرەنجامەکانی


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا داکۆکییەکی بەهێزی کرد لە بڕیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی 20 ساڵەی ئەفغانستان، کە بووە مایەی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، هاوشێوەی ساڵانی 1996 بۆ 2001.

شەڕی ئەفغانستان بە فرمانی جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا لە ساڵی 2001دا دەستیپێکرد و لەو شەڕەدا فەرمانڕەوایەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕوخێندرا.

داگیرکردنی ئەوکاتەی ئەفغانستان بە مەبەستی لێدان و خاپورکردنی بنکەکانی مەشق و ڕاهێنانی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە بوو.

تێرۆریستانی ئەلقاعیدە کە زۆربەیان خەڵکی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بوون، ڕۆژی 11ی سەپتێمبەری ساڵی 2001لەناو ئەمەریکادا هێرشیان کردە سەر دامەزراوە گرنگ و جیهانییەکانیش، لەوانە، پەنتاگۆن و باڵەخانەکانی نێوەندی بازرگانی جیهانی. یەکێک لەو فڕکانەی هێرشەکانیان پێکرا لە ستانی پێنسلڤانیا کەوتە خوارێ و تەواوت سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەکە بە تاقمی فڕۆکەوانەکەشەوە، گیانیان لەدەستدا.

لەو هێرشانەدا نزیکەی 3000 کەس کوژران.


میوانی بەرنامە:

شەماڵ بەشیری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

سەرۆک بایدن، لە یەکەم وتاریدا دوابەدوای کشانەوەی تەواوی سەربازەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، جەختی کردەوە لەوەی تەنها دوو بژاردەی هەبوون بەر لە بڕیارەکەی، یەکەمیان کشانەوەی تەواوەتی بووە و دووهەمیشیان درێژەدان بووە بەو شەڕەی 20 ساڵی خایاند.

سەرۆک بایدن لە وتارەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا لە کۆشکی سپی، ئاماژەیشی بەوە کرد، وەک دەڵێت "چییدی پێویستمان بەوە نییە شەڕێک بکەین کە دەبووایە زۆر پێشتر کۆتایی پێهاتبا."

سەرۆکی ئەمەریکا لەو وتارەیدا جەختی کردەوە لەوەی "ئێستا کاتی سەنگیی خستنە سەر مەترسییە نوێیەکانە لە سەرانسەری جیهاندا، وەک تێرۆریستانی تر لە ئافریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە و مەترسییە ئابوریەکانی چین، یانیش هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی لەناو ڕوسیاوە دەکرێن."

هەرچۆنێک بێت لە ناو ئەفغانستاندا لە ئێستادا پێدەچێت تاڵیبان کەوتبێتە خۆ بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بۆ وڵاتەکە.

ئەگەرچی پێشتر گەورە کاربەدەستانی تاڵیبان دەیانگوت ، حکومەتێکی بنکە فراوان پێکدەهێنن تا نوێنەرایەتی تەواوی گەلی ئەفغانستانی تیادا بێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی لە هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵدا بڵاوکراونەتەوە، پێناچێت هیچ کەسێک لە حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتەدا بەشداری پێبکرێت.
هەر ئەو زانیاریانەی سەرچاوەکانی هەواڵ دەشڵێن، لە کۆبوونەوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەنجومەنی تاڵیبان کە بە "شورا" ناسراوە، داوا لە مەلا یەعقوب، کوڕی مەلا موحەمەد عومەر، دامەزرێنەی تاڵیبان و سیراجەدین هەقانی کراوە تا لیستی ناوەکانی ئەو کابینەیە تەواو بکەن.

شەماڵ بەشیری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:38 0:00


XS
SM
MD
LG