Accessibility links

هاوکاتی کشانەوەی هێزەکان لە ئەفغانستان، نەتەوە یەکگرتوەکان بەڵێن دەدات لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە


لەگەڵ دەرچوونی هێزەکانی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستاندا،ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێن دەدات کە لەو وڵاتە گەمارۆدراوەدا بمێنێتەوە و یارمەتی ملیۆنان کەس بدات کە زۆربەیان لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون.

تاڵیبان لە ئێستادا بەرپرسی ئەو وڵاتەیە، بەڵام هیچ حکومەتێکی مەرکەزی لە ئارادا نییە. ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن کە ئەمە کێشە دروست دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان دەڵێن کە دەیان ساڵە لەگەڵ تاڵیبان و گرووپەکانی تر لەگفتوگۆدان سەبارەت بە دەستڕاگەیشتنیان بەو خەڵکانەی کە پێویستیان بە یارمەتییە.

یەنس لێرک ، وتەبێژی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی دەڵێت لەو بڕوایەدایە کە ئەزموون ڕێگە بە دەزگا یارمەتیدەرەکان دەدات کە ڕەزامەندی پێویست بەدەست بهێنن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی ژیای خەڵکی.

ئەو دەشڵێت "هێزە سەربازییەکان ئەفغانستانیان بەجێ هێشتووە بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەتەوە و ئێمە پابەندین کە بمێنینەوە و ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە لە سەرەتاوە وتمان و هەر ئەوەشە کە ئێمە دەیکەین. تەنها وەک وەبیرهێنانەوەیەک ئەوە بڵێم کە ئێمە لەمساڵدا بە تەنیا یارمەتی مرۆییمان گەیاندووەتە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس. کەواتە پێم وایە ئەم ژمارەیەکە کە بە سادەیی ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە لەوێین بۆ ئەوەی بمێنێینەوە."

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات لەمساڵدا یارمەتی بگەیەنێتە 16 ملیۆن کەس، لەوانە 3 ملیۆن و پانسەد هەزار کەس کە بەهۆێ شەڕەکانەوە ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، بەڵام ئەوان دەڵێن لەوانەیە نەتوانن هەموو پلانەکانیان جێبەجێ بکەن، چوونکە تەنیا 39 لە سەدی ئەو یارمەتییە 1.3 ملیارد دۆلاری کە بۆ کاری مرۆیی تەرخان کراوە، وەریانگرتووە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی توانی سەرکەوتووانە 12.5 تەن پێداویستی پزیشکی بگەیەنێتە ناو فڕۆکەخانەی مەزار-شەریف لە ئەفغانستان. مارگرێت هەرێس وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت کە پێویستیان بە زۆر زیاتر لەوەیە.

ئەو دەڵێت کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پلانی هەیە بۆ دوو گەشتی زیاتر لەم هەفتەیەدا لە بنکەی لۆجستیکی ئەو ڕێکخراوە لە دوبەی و خەریکی پێداچۆنەوەیە بۆ بەربژارەکانی تر بۆ ئەوەی یارمەتی زیاتر بنێرنە ئەو وڵاتەوە.

ئەو دەشڵێت کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانە لەوەی کە زۆرێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان ناچار بن کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانیان بدەن و شوێنەکانیان لەبەر نەبوونی پارە دابخەن و دەشڵێت گەر ئەوە ڕووبدات ملیۆنان ئەفغانی بێبەش دەبن لە چاودێری تەندروستی سەرەتایی و پێویست .

ئەو گوتیشی "ئەو خزمەتگوزارییانەی کە دەکەونە ژێر گوشار و کاریگەری بریتین لە پاراستنی منداڵ، چاودێریی ژنانی دوو گیان و چاودێریی ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن و چاودێری بەدخۆراکی و سەنتەرەکانی چارەسەری کۆڤید و خزمەتگوزاریە گرنگەکانی تر." دەشڵێت "مەزەندە دەکرێت داخستنی هەر 50 دەزگا تەندروستییەکان رۆژانە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە پێنج ژن و 58 منداڵی تەمەن خوار پێنج ساڵ."

دەزگاکانی یارمەتیدەری مرۆیی دەڵێن ترسی ئەوەیان هەیە ئەو کارەساتەی کە لە ئەفغانستان سەری هەڵداوە، دوای نەمانی گەشتەکان بۆ دەرەوەی کابوول چیتر نەبینرێن و باسیان لێوە نەکرێت.

فلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هۆشداری دەدات لەوەی کە قەیرانێکی مرۆیی زۆر گەورە تازە دەست پێ کردوە و داوا لە گەلان دەکات کە سنورەکانیان بە کراوەیی بۆ ئەو ئەفغانانە بهێڵنەوە کە بە هۆی چەوسانەوە و شەڕ و پێکدادان هەڵدێن و پێویستیان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە.

XS
SM
MD
LG