Accessibility links

سەرۆک بایدن و خانمی یەکەمی ئەمەریکا بەشداری لە مەڕاسیمی گەڕاندنەوەی تەرمی 13 سەرباز دەکەن


سەرۆک جۆو بایدن لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکایە بەمەبەستی ئامادەبوون لە مەڕاسیمی گەڕانەوەی تەرمی ئەو 13 سەربازە ئەمەریکاییەی لە ئاکامی ئەو هێرشە خۆکوژیەدا کوژران کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی کابوڵ.

ئامادەبوونی سەرۆک بایدن و جێڵ بایدن، خانمی یەکەمی ئەمەریکا لەم مەڕاسیمەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا لە نێوەندی ئەو ڕەخنە توندانەدایە کە لە بایدن دەگیرێن بەهۆی بەڕێوەبردنی قەیرانی ئەفغانستانەوە.

بایدن و خانمی یەکەمی ئەمەریکاش بەرگی ڕەشیان پۆشیوە و دەمامکی ڕەشیشیان کردووە. لە سەرەتا دوور لە چاوی کامێراکان لەگەڵ کەسوکاری سەربازە کوژراوەکاندا کۆبۆتەوە لە نێوەندێکی تایبەتی خێزانەکان لە بنکەی هێزی ئاسمانی دۆڤەر لە ستانی دێلاوێر.

تەرمی ئەو سەربازانەی لە شەڕەکاندا دەکوژرێن و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەمەریکا، یەکەم جار دەگەیەندرێنە ئەم بنکە سەربازییە کە نزیکەی 2 کاتژمێر لە واسنتۆنی پایتەختەوە دورە.

بێجگە لەو 13 سەربازەی ئەمەریکا، زیاتر لە سەد هاوڵاتی ئەفغانستانیش لەو هێرشە خۆکوژیەی ڕۆژی پێنجشەممەدا کوژران کە دەوڵەتی ئیسلامی-خۆراسان کردبووی.

XS
SM
MD
LG